عەلی باپیر: دەبووایە پێش کوشتنی پێشمەرگەکانی یەکێتی لە خێڵی حەمە داوای موسوڵمانبوونیان لێ بکرێت

 عەلی باپیر: دەبووایە پێش کوشتنی پێشمەرگەکانی یەکێتی لە خێڵی حەمە داوای موسوڵمانبوونیان لێ بکرێت
ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان، لەبارەی سەربڕینی پێشمەرگەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کارەساتی (خێڵی حەمە)، پێیوایە کە پێش سەربڕینی ئەو پێشمەرگانە، دەبووایە داوای موسوڵمانبوونیان لێ بکرێت.



لە تۆمارێکی ڤیدیۆییدا کە لە پێگەی (ڕاگەیاندنی مەکتەبی ئەمیری کۆمەڵ) لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاو کراوەتەوە، عەلی باپیر دەردەکەوێت کە تێیدا سەبارەت بە سەربڕینی زیاتر لە 40 پێشمەرگەی یەکێتی دەدوێت و دەڵێت: ”من پێموایە شەڕ بووە، لە شەڕدا کێ دەرفەت لە کێ بهێنێت، دەیکوژێت، یەکێتی ناو لە ئەنساڕ دەنێت تیرۆریست، بەوەی ئەوانیان کوشتووە، هەردوولا یەکتر بە دەستپێشخەری تۆمەتبار دەکەن. جاری وا هەیە یەکێتی بەناو ئەڵغام کەوتوون و کوژراون“.



لەبارەی سەربڕینی پێشمەرگە دیلەکانی یەکێتیش دەڵێت: ”من گوتم ئێوە دەڵێن یەکێتی و هەرچی لە ڕیزەکانیدایە بە موسوڵمان نازانین، گوتم مادام وایە، ئەوەی بە دیلی دەگرن، دەبێت یەکەمجار داوای موسوڵمانبوونی لێ بکەن، ئەگەر موسوڵمان نەبوو، ئینجا بیکوژن. ئەمەم بە (ئەبو وائیل)ی قازیی ئەنساڕ گوت، ئەویش گوتی (وەڵا شێخ ڕاست دەکەی و وەڵامیشم بۆ ئەو پرسیارە نییە، بەڵام پرسی منیشیان نەکردووە کە کوشتوویانە و پێش ئەوەی بگەنە لای من، کوشتوویانن)“.



ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان باس لەوە دەکات کە ئەو بیستوویەتی، هەندێک لەو پێشمەرگانەی یەکێتی، داوایان کردووە شەهیدیان نەکەن و بەڕۆژوون، بەڵام وەک ئەو دەڵێت: ”کوشتوویانە“. دووپاتیشی دەکاتەوە: ”ئەو شەڕ و کوشتنانە زیانی هەردوولای هەبووە، یەکێتی دەیتوانی خۆی لەو شەڕە بە دوور بگرێت. بەڵام یەکێتی پێیانوابوو کە دەتوانن زەربەی چاک لە ئەنساڕ بدەن، بەڵام بەسەر خۆیاندا شکاوەتەوە“.



ڕۆژی 23\9\2001، کارەساتی خێڵی حەمە ڕووی دا کە تێیدا 42 پێشمەرگەی یەکێتی لەلایەن گرووپی تیرۆریستیی ئەنساڕولئیسلامەوە بە شێوەیەکی دڕندانە سەربڕدران. دواتریش لە تۆمارێکی دەنگیدا سۆران عومەر، ئەندامی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان کە سەرۆکی لێژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی کوردستانە، چەکدارە تیرۆریستەکانی ئەنساڕ، بە ”برایانی جوند“ وەسف دەکات و ئەوە ناشارێتەوە، ئەو لە نزیکەوە ئەو کەسانەی بینیوە کە بەشدارییان لە شەڕەکەی خێڵی حەمەدا کردووە و دەڵێت: “یەکێک لە دیلەکانیان سەربڕی، ئەوانەی بەشداریی خێڵی حەمەیان کردبوو، هەموویان شمشێریان پێ بوو. جوندولئیسلام فتوای سەربڕینی دابوو، بەڵام کاتێک زەلجەکە گەورەبوو و زۆر مەترسیدار بوو، فتواکەیان ڕاگرد”. ئەوەش ناشارێتەوە کە خۆی بینیویەتی فەرماندەی هێزەکەی یەکێتی، ملی بڕدراوە.




باسینوز
Top