پەرلەمانتارێکی ھەدەپە: قەندیل رازییە بارزانی تورکیا و پەکەکە لێک نزیک بکاتەوە .
رۆژنامەی (باس خەبەر) توانی لە نزیکەوە دیمانەیەک لەگەڵ ئیمام تاشچیگەر ئەندام پەرلەمانی ھەدەپە ئەنجام بدات، کە لەگەڵ ئەو شاندە فەرمییەی ھەدەپە بوو بۆ سەردانیکردنی مەسعود بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و ھەروەھا چەند پارتێکی دیکەی باشوور.
بە گوێرەی گوتەی ئەو سەردانەکە زۆر مێژوویی بووە و بارزانی ئامادەیی دەربڕیوە ناوەگیری بکات بۆ لە یەکتری نزیکبوونەوەی پەکەکە و دەوڵەتی تورکیا بۆ دووبارە ھێنانە کایەوەی ئاشتی لە تورکیا و کۆتاییھێنان بە شەڕ. ھەروەھا لایەنەکانی باشوور بەجدی مەیلی ئەوەیان ھەیە لەگەڵ یەکتردا دابنیشن و کێشەکانیان چارەسەر بکەن.
ئیمام وەکو ئەوەی خۆی باسی لێوە دەکات، راستە سەلاحەدین دەمیرتاش گوتی مەبەستی سەردانەکان بۆ ئاشتکردنەوەی پارتە سیاسییەکانی باشوور بووە، بەڵام لە ھەمان کاتدا باسیان لە رەوشی باکوور کردووە، بەتایبەتی ئەو نەھامەتییەی بە ھۆکاری شەڕ دووچاری ھاووڵاتیانی باکوور بوەتەوە، بارزانییش ئامادەیی دەربڕیوە بۆ ئەوەی ناوەندگێڕی بکات.
ھەروەھا لەبارەی شاندەکەی ھەدەپەیش بۆ لای بارزانی، رەجەب تەییب ئەردۆگان ئاماژەی دا ئەوانیش ئامادەن شاندێک بۆ باشوور بنێرن، بۆیە ئیمام پێیوایە ئەم لێدوانەیش گرنگە بۆ نزیکبوونەوەی ھەدەپە و ئاک پارتی.
ئەو دەڵێت: "ماوەیەکی زۆرە لەنێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و ھەدەپە ھیچ کۆبوونەوە و لە یەکنزیکبوونەوەیەک نەبووە، بۆیە چوونی ھەدەپە بۆ لای پارتی گرنگ بوو بۆ تۆخکردنەوەی پەیوەندییەکانمان. ھەروەھا وەکو ھەموومان ئاگادارین ئێستا لە باشوور پارتە سیاسییەکان نێوان لەگەڵ یەکتری ناخۆشە و کار گەیشتووەتە ئەوەی پەرلەمان دابخرێت، بۆیە وەکو ھەدەپە پێمان خۆش بوو دەستێکمان ھەبێت لە پێکەوەژیان و ئاشتکردنەوەی ئەو پارتە سیاسییانە، خۆشبەختانە ھەموو پارتەکانی باشوور بە ئەرێنی وەڵامی ئێمەیان دایەوە و، ئێمە لە کۆبوونەوەکەماندا لەگەڵ بارزانی کە ماوەی ٥ سەعاتی خایاند ھەستمان کرد کێشەکان بەرەو چارەسەری دەچن".
دوای ئەوەی ھەدەپە سەردانی بارزانیی کرد، پروپاگندەیەک بڵاو کرایەوە بەوەی سەرۆکی زیندانیکراوی پەکەکە عەبدوڵڵا ئۆجەلان نامەیەکی بۆ بارزانی و قەندیل ناردووە و ھەدەپەش ئەو نامەیەی ئۆجەلانی بۆ بارزانی بردووە، بەڵام ئیمام ئەو دەنگۆیانە بە راست نازانێت.
ئەو ئاماژەی دا ئەوان لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان باسیان لە رەوشی باکوور کردووە و، ھەموو ئەو نەھامەتییانەی بەسەر کوردا ھاتووە باس کردووە، بۆ نموونە وێرانبوونی ھەزاران خانوو و کوژرانی دەیان ھاووڵاتیی سڤیل و زۆر نەھامەتیی دیکە، بەڵام بە ھیچ شێوەیەک نامەی ئۆجەلانمان بۆ بارزانی نەبردووە.
ئەو دەڵێت: "ئەگەر ئۆجەلان نامەی بۆ بارزانی بناردایە محەمەد ئۆجەلانی برای کاتێک لە ئیمیڕاڵی گەڕایەوە لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا باسی ئەو نامەیەی دەکرد. ئێمە لەو ماوەیەی کە لەگەڵ بارزانی دانیشتین توانیمان باس لە رەوشی خۆمان بکەین و بڵێین پێویستە دەوڵەت و پەکەکە بگەڕێنەوە بۆ رێککەوتنی ئۆسلۆ و پڕۆسەی ئاشتی گیانی بەبەردا بێتەوە".
لە درێژەی دیمانەکەدا ئیمام پێیوایە پێویستە دەوڵەتی تورکیا ھەنگاوێک بنێت بۆ ئاشتی تا پەکەکەیش وەڵامی بداتەوە، بەڵام بەداخەوە دەوڵەت ھیچ ھەنگاوێکی لەو شێوەیەی نییە. ئەو پێی وانییە قەندیل دژی ھەوڵی بارزانی بێت بۆ نێوەنگێری دەوڵەت و پەکەکە، بە پێچەوانەوە قەندیل بە ئەرێنی لەو ھەوڵە دەڕوانێت.
پێشتر لە چەند میدیایەکی تورکیا بڵاو کرایەوە کە قەندیل نایەوێت پڕۆسەی ئاشتی لەسەر دەستی بارزانی دەست پێ بکاتەوە، بەڵام رۆژئاوا و ئەمەریکا دەیانەوێت بارزانی ناوەندگیری بکات، بۆ ئەمەیان ئیمام پێچەوانە بیر دەکاتەوە و دەڵێت: "گرنگ ئەوەیە حکوومەتی تورکیا ھەنگاوێک بۆ ئاشتی بھاوێت، جا ئەگەر لە رێگەی بارزانیشەوە بێت گرنگە و قەندیل رێگریی لێ ناکات، من پێم باشە بارزانی ئەو رۆڵە بگێڕێت و بە ھیچ شێوەیەکیش قەندیل دژی ناوەستێتەوە".
لەبارەی ئەوەی بارزانی چی داواکارییەکی لە ھەدەپە ھەبوو لەو سەردانەدا گوتی: "بارزانی داوای کرد شەڕی باکوور بە زووترین کات کۆتایی پێ بێت و ھەدەپەیش پێویستە ھەموو ھەنگاوێک بۆ دیموکراتی و راوەستانی شەڕ بگرێتە بەر. ھەروەھا ئاماژەی دا ھەر شتێک لەسەر ئەو بێت و داوای لێ بکەن ئامادەیی تێدا ھەیە ئەنجامی بدات، تەنیا شەڕ کۆتایی پێ بێت".
ھەر لەو کۆبوونەوەیەدا لەگەڵ بارزانی، بە گوێرەی گوتەی ئیمام ھەدەپە داوای کردووە پەیوەندیی نێوان پەکەکە و پارتی دیموکراتی کوردستان باش ببێتەوە و، ئیدی ئەو ساردییەی لەنێوانیاندا ھەیە نەمێنێت. ھەروەھا لەو رووەوە پێویستە دانوستاندن بکرێت و بە کۆبوونەوە کێشەکان چارەسەر بکرێت، چونکە ئێستا یەکگرتوویی کورد زۆر پێویستە و بە ھیچ شێوەیەک لە بەرژەوەندیی ھیچ کەس و لایەنێکی کوردیدا نییە نێوان پەکەکە و پارتی ناخۆش بێت.
باسنیوز
