ڕۆمیۆ هەكاری: جەنگاوەرە مەسیحییەكان بەشداری لە گرتنەوەی مووسڵدا دەكەن

 	 ڕۆمیۆ هەكاری: جەنگاوەرە مەسیحییەكان بەشداری لە گرتنەوەی مووسڵدا دەكەن
سەركردەیەكی مەسیحی ئاماژە بە هەوڵی مەسیحییەكان بۆ بە پارێزگاكردنی دەشتی نەینەوا لە دوای گرتنەوەی مووسڵ دەكات کە ئێزدی و شەبەک و مەسیحی لە ئاستی جیهان و ئەورووپا کاریان کردووە بۆ بە پارێزگاکردنی دەشتی نەینەوا؛ دەیشڵی کە جەنگاوەرانی مەسیحی بەشداری لە گرتنەوەی مووسڵدا دەکەن.



ڕۆمیۆ هەكاری سكرتێری گشتی حزبی بەیت‌نەهرێن بەماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی ڕاگەیاند: "ماوەی دوو ساڵە گەلانی مەسیحی و كلد و ئاشوور چاوەڕێی هێرشی سەر شاری مووسڵ دەكەن، چونكە لە مانگی ئابی ٢٠١٤وە داعش ناوچە دێرین و مێژوویەكانی مەسیحی لە دەشتی نەینەوا داگیر كردووە و بە سەدان هاووڵاتی مەسیحیش بونەتە قوربانی، ئەوە سەرەرای ئاوارەبوونی زیاتر لە دووسەدهەزار هاووڵاتی مەسیحی، لەبەر ئەوەش هەموو ساتێك چاوەڕێی گرتنەوەی شاری مووسڵ و دەشتی نەینەوا دەكەین، هێزێكی سەربازی تایبەت بە مەسیحیەكان پێك هاتووە بە ناوی هێزی دەشتی نەینەوا سەربە وەزارەتی پێشمەرگەیە و بەشداری لە گرتنەوەی ناوچەكانی خۆیاندا دەكەن، هەرچەندە ژمارەیان سنووردارە، بەڵام لەبەر قەیرانی دارایی نەمانتوانی ژمارەی جەنگاوەر مەسیحییەكان زیاد بكەین و هەمان هێز لە وای گرتنەوەی دەشتی نەینەوا ئەركی پاراستنی ناوچەكە دەگرنە ئەستوی خۆیان.



سكرتێری حزبی بەیت‌نەهرێن دەشڵێ: "ئێمە دەمانەوێت دوای ڕزگاركردنی مووسڵ دەشتی نەینەوا بكرێت بە پارێزگا و وەک مەسیحی و ئێزدی و شەبەك، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ئەورووپا كارمان بۆ بەپارێزگاكردنی دەشتی نەینەوا كردووە، ئەوەش مافی مێژویی و جیوگرافی و ‌کۆمەڵایەتی دەزانین، چونكە باب و باپیرانمان بەر لە حەوت هەزار ساڵ لە مووسڵ و دەشتی نەینەوادا ژیاون.



ڕۆمیۆ هەكاری گوتیشی: "ئێمەش وەك نەتەوەكانی دیكەی عێراق دەمانەوێ بە مافی خۆمان شاد بین و چەندین جار سەرۆكی هەرێمی كوردستان پشتگیری خۆی دیاری كردووە بۆ پشتیوانیكردنی گەلی مەسیحی تا دەشتی نەینەوا بكرێت بە پارێزگایەكی تایبەت بە مەسیحییەكان و تایبەتمەندی ئێمە بەرچاو بگیرێت، زۆربەی وڵاتانیش پشتگیری ئەو مافەی گەلانی مەسیحی و كلد و ئاشوور دەكەن و بەردەوامیش بۆ قوناغی دوای گرتنەوە مووسڵ."
PDK-

Top