حكوومه‌ت: به‌ ئه‌لیكترۆنیكردنی مووچه‌ هه‌نگاوێكی گه‌وره‌یه‌ و دوومووچه‌یی ناهێڵێت

  حكوومه‌ت: به‌ ئه‌لیكترۆنیكردنی مووچه‌ هه‌نگاوێكی گه‌وره‌یه‌ و دوومووچه‌یی ناهێڵێت
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان(نێچیرڤان بارزانی) ڕایگەیاند، بەئەلیکترۆنیکردنی دابەشکردنی مووچە، هەنگاوێکی دیکەیە لە پڕۆژی چاکسازیی کارگێڕی و ئیداری لە هەرێمی کوردستاندا.

ئەمڕۆ دووشەممە، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان(نێچیرڤان بارزانی)، وەک یەکەم هەنگاوی کردەنی لە بەئەلیکترۆنیکردنی پرۆسەی دابەشکردنی مووچەدا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕایگەیاند، "ئەمە دیاری دەکات کە دوو مووچەیی هەبێ و ڕێگری لێ بکات. هەڵبەت ئەنجوومەن دەمێکە هەنگاوی بۆی ناوە، بەڵام ئەمڕۆ بە کردەنی لەگەڵ کاک (قوباد تاڵەبانی)ـدا دەستمان بە پرۆسەکە کردووە."
(نێچیرڤان بارزانی) لە لێدوانەکەیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان، سپاسی فەرمانگەی تێکنەلۆژیای زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد لە سازدانی ئەم پرۆسەیە. هەروەها سپاسی هەموو ئەوانەی کرد لە کارکردن و سەرخستنی ئەم پرۆسەیە گەورەیەدا بەشدارن، بە فەرمانبەرانی نووسینگەی جێگری سەرۆکی حکوومەتیشەوە.
سەرۆکوەزیران هەروەها داوای لە فەرمانبەران کرد بەدەم داوای ئەم سیستمەوە بچن و ناوی خۆیان تۆمار بکەن، هەڵبەت بەم هەنگاوانەیان هاوکار دەبن لە بنەبڕکردنی فەرمانبەری ڕاستینە و دوومووچەیی.

هاوکات جێگری سەرۆکی حکوومەت (قوباد تاڵەبانی) ڕایگەیاند: ئەم پڕۆژەیە هەنگاوێکی ستراتیژیی مێژووییە لە پرۆسەی چاکسازی لە هەرێمی کوردستان.
(تاڵەبانی) گوتی "ئەوەی ئەمڕۆ هەنگاوێکی دیکەیە بۆ چاکسازی و یەکەم هنگاوی کردەنیمان نا. سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران و فەرمانگەی ئای تی و وەزارە و پارێزگاکان تێیدا بەشدارن."
گوتیشی: "ئامانجمان وایە لە ماوەی سێ مانگدا ملیۆنێک سێسەد هەزار کەس تۆمار بکرێ، مەبەستمانە ڕێ بگرین لە فەرمانبەری ڕاستینە و دوو مووچەیی.. ئەمە هەنگاوێک دەبێت بۆ پرۆسەی ڕێکخستنەوەی میلاکاتی حکوومەت."
هەروەها گوتی "هەنگاوێک دەبێ تا لە پاشەڕۆژدا و لە ڕێی بە ئەلیکترۆنیکردنی مووچە، پاشەکەوتی مووچەش بدینەوە بە فەرمانبەران."

پرۆسەی بەئەلیكترۆنیكردنی مووچەی فەرمانبەرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەستی پێکرد و، هەریەك لە (نێچیرڤان بارزانی) و (قوباد تاڵەبانی) وەک دوو فەرمانبەری یەکەم و دووەمی حکوومەت ناوی خۆیان تۆمار کرد.
Hawler-
Top