برای هاوسەری ساڵح موسلیم زانیاریی نهێنی ئاشکرا دەکات
بە گوێرەی هەواڵێکی ماڵپەڕی (ڕۆژاڤا نیوز)، دکتۆر عزەت ئەفەندی، خاوەنی نەخۆشخانەی تایبەت لە شاری کۆبانێ کە دەکاتە برای هاوسەرەکەی ساڵح موسلیم، پاش ئەوەی چەکدارانی یەپەگە دەستیان بەسەر نەخۆشخانەکەیدا گرتووە، بە توندی هێرشی کردووەتە سەر شەڕڤانانی پەیەدەی بە ”گاوان“ و ”ئەو گوێدرێژانەی لە قەندیلەوە هاتوون“ وەسف کردوە.
ئاماژەشی بەوە داوە کە: ”ڕێژەی 30%ی سەرکردایەتیی پەیەدە لە سووریا و ئەورووپا، خیانەتکارن و بۆ هەواڵگریی وڵاتانی دژی کورد کار دەکەن، 15%شیان ئەو بەعسییە کوردانەن کە هاوکاریی حکوومەتی ئەسەدیان کردووە“. دەشڵێت: ”ئێستا ئەنجامی خیانەتەکانیان دەبینین، تەقینەوە و شەهید لە دوای شەهید“. بۆیە داوا لە یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) دەکات: ”گوێ بەو خیانەتکارانە مەدەن کە خوێنی ئێوە بە هەرزان هەرزان بەفیڕۆ دەدەن، ئێوە پاڵەوانەکانی کورد و پارێزەری گەلی کوردن، هەموو ئەوانە سزا بدەن کە خیانەت لە نیشتمان و خوێنتان دەکەن“.
ژن براکەی ساڵح موسلیم، خاوەنی کۆمپانیای (ڤیەننای تایبەت) بوو لە شاری کۆبانێی کوردستانی ڕۆژئاوا، بەڵام لە لایەن پەیەدەوە دەستی بەسەردا گیراوە و نەخۆشخانەکەش بۆ (مانگی سووری کوردی) گۆڕدراوە.
پێشتر عزەت ئەفەندی ڕای گەیاندبوو کە لە ساڵی 2014دا بۆ کۆبانێ گەڕاوەتەوە و لەگەڵ بەرپرسانی کانتۆنی کۆبانێ گفتوگۆی کردووە، ئەوانیش داوای یارمەتییان لێی کردووە، بۆیە نەخۆشخانەیەکی بە تەواوی پێویستییەکانەوە دامەزراندووە. ئەوەشی ئاشکرا کردبوو کە هەندێک لە کەسە دەستڕۆیشتووەکانی نێو پەیەدە هەوڵیان داوە نەخۆشخانەکە بۆ بازرگانیکردنی خۆیان بە نەخۆش بەکار بهێنن، ئەو ڕازی نەبووە و دواتریش دەست بەسەر نەخۆشخانەکەدا گیراوە.
هەر لەمبارەیەوە، ژن براکەی ساڵح موسلیم، لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک)، هەواڵی داخستنی نەخۆشخانەی (ڤیەننا)ی بڵاو کردووەتەوە کە لە ماڵپەڕێکەوە وەرگیراوە.
باسنيوز
