خاوەن پشکەکانی چاڤی لاند ڕەخنە لە بەشداریکردنی شاسوار عەبدولواحید لە کۆنگرەیەکی ئابووری دەگرن

 خاوەن پشکەکانی چاڤی لاند ڕەخنە لە بەشداریکردنی شاسوار عەبدولواحید لە کۆنگرەیەکی ئابووری دەگرن
نوێنەرێکی خاوەن پشکەکانی پڕۆژەی گەشتیاریی (چاڤی لاند)، بە توندی ڕەخنەی لە شاسوار عەبدولواحید، خاوەنی گرووپی کۆمپانیاکانی (نالیا) کرد، بەوەی بەشداری لە کۆنگرەیەکی ئابووریدا کردووە.

ئەمڕۆ دووشەممە 10\10\2016، نەژاد ڕەشید، یەکێک لە نوێنەرانی خاوەن پشکەکانی چاڤی لاند کە کۆمپانیای (نالیا) و شاسوار عەبدولواحیدی خاوەنی ئەو کۆمپانیایە، بە ”خواردنی مافە داراییەکان“یان تۆمەتبار دەکەن، ڕایگەیاند، لە کەناڵەکانەوە دەبینین کە شاسوار عەبدولواحید، لە کۆنگرەی (ڕۆڵی کەرتی تایبەت لە پەرەپێدانی ئابووریی هەرێمی کوردستان) بەشداری کردووە. ئەوەشی ڕوون کردەوە: ”هەرێمی کوردستان دەتوانێت بە باشی خەڵکی لە قەیران ڕزگار بکات و پەرە بە کەرتی تایبەت بدات، بەڵام ئەوانەی کە تەنیا بۆ خۆ دەرخستن پارەکانیان بەکار دەهێنن، ناتوانن لە بووژانەوەی کەرتی تایبەتدا بەشدار بن، بگرە پێویستە ئەو سەرمایەدارە عاقڵ و دڵسۆزانە بایەخیان پێ بدرێت کە ڕێز لە خەڵکی کوردستان و سەرمایەکەی خۆیان دەگرن“.

نوێنەری خاوەن پشکەکانی چاڤی لاند جەختی لەوە کردەوە: ”من دەڵێم پێویستە کەسی شیاو بۆ شوێنی شیاو دابندرێت. کەسانێک کە لە ئەنجامی فڕوفێڵ و دزی و تەڵەکەبازی سەرمایەیان پێکهێناوە، ناتوانن بەشدار بن لە پێشخستنی ئابووریی وڵات“.

دووپاتیشی کردەوە: ”بەشداریکردنی شاسوار عەبدولواحید لەو کۆنگرەیەدا، تەنیا بۆ خۆنمایشکردنە، ئەو خۆی دونیایەک کێشەی هەیە و چارەسەری کێشەی ئەم وڵاتە بەوانە ناکرێت، ئابووریی ئەم وڵاتە بە کەرتە تایبەتەکەی شاسوار عەبدولواحید پێش ناکەوێت“.

بە گوتەی نەژاد ڕەشید: ”شاسوار عەبدولواحید لە ئەنجامی ”هەڵەی چەند ساڵی ڕابردووی ئەم حکوومەتی هەرێمی کوردستانە“، سامانی پێکهێناوە. دەشپرسێت: ”ئەی بۆ چارەسەری شوققە و ڤێلاکانی خۆی ناکات؟ ئەی بۆ ئەو هەموو ڤێلا و شوققانەی دروست کردووە و ناتوانێت بەرنامەیەکی بۆ دابنێت؟ ئەی بۆ لەنێو گوندی ئەڵمانیدا نەیتوانیوە مارکێتێک بۆ خەڵکی ئەو گوندە بکاتەوە؟ ئەی بۆ مافی هەزاران خاوەن پشکی پڕۆژەی (چاڤی لاند)ی گەشتیاری نادات“.









باسنیوز
Top