پڕۆژەیەک بۆ گۆڕینی ناوی وەزارەتی ئەوقاف ئامادە دەکرێت
مەریوان نەقشبەندی، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی وەزارەتی ئەوقاف، ڕایگەیاند: ““گەیشتوومەتە ئەو باوەڕەی كە وشەی (وقف) یان (اوقاف)، وشەیەكی تەواو عەرەبییە و هیچ پەیوەندی بەشەریعەتی ئیسلامەوە نییە و دەبینین زۆربەی ئایینەكان لە عێراق و وڵاتانی دیكە وەقفی تایبەت بە خۆیان هەیە، زۆریش گەڕام لە زمانی کوردیدا مانایەکی کوردیی پڕ بە پێستی وشەی (وقف)م دەست نەكەوت".
دەشڵێت: "ئێستاش ئەوە ساڵێك زیاترە یاسای ژمارە(5)ی پەرلەمانی كوردستان بەكۆی دەنگ دەرچووە و سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش ئیمزای كردوە و بەهۆیەوە سەرجەم ئاین و مەزهەبەكانی كوردستان ئازادانە و بەپێكەوەژیانێكی ئاشتیانە كاری خۆیان دەكەن و پێویستە ئێمەش هەنگاوی زیاتر پراکتیکی و مەعنەوی بۆ چەسپاندنی ئەم پرەنسیپەی یاسایەكە بگرینەبەر".
نەقشبەندی ئەوەشی ئاشکرا کرد کە ئەو سەرپەرشتیی دۆسیەی نوێنەرایەتیی ئایینەكان لە وەزارەتی ئەوقاف دەکات، بۆیە بە نیازە پرۆژەیاسایەك گەڵاڵە بکات و ڕەزامەندیی وەزارەتی ئەوقافی لەسەر وەربگرێت، تاوەکوو ناوی (وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی)، بۆ وەزارەتی (کاروباری ئایینی) بگۆڕدرێت.
باسنیوز
