نێچیرڤان بارزانی: لەمەودوا ئەو کەسانە دەردەکەون کە بە نایاسایی مووچە وەردەگرن

 نێچیرڤان بارزانی: لەمەودوا ئەو کەسانە دەردەکەون کە بە نایاسایی مووچە وەردەگرن
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، لەڕێی سیستەمێکەوە، دەتواندرێت ئەو کەسانە ئاشکرا بکرێن کە بە نایاسایی مووچە وەردەگرن.



کەمێک لەمەوبەر (دووشەممە 10\10\2016)، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا، ئاماژەی بەوەکرد: ”لە چوارچێوەی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستاندا، ناوی سەرجەم فەرمانبەران تۆمار دەکرێت“. ئەوەشی ڕوون کردەوە: ”پرۆسەکە زۆر گرنگە لە بواری چاکسازیی کارگێڕی و ئیداری لە هەرێمی کوردستان، لەمەودوا بە دیار دەکەوێت کە کێن ئەوانەی بە نایاسایی دوو مووچەیان هەیە، چونکە هەموو مووچەخۆران دەخرێنە ئەم پرۆسەیەوە“.



نێچیرڤان بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە لە هەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، شوێنی تایبەت بۆ خۆ تۆمارکردن دیاری کراوە. بۆیە داوای لە سەرجەم مووچەخۆران کرد، بەدەنگ داواکارییەکەوە بچن و ناوی خۆیان تۆمار بکەن.



ئەم قسانەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دوای ئەوە هات کە لەگەڵ جێگرەکەی، بە مەبەستی ناوتۆمارکردنیان، سەردانی بنکەیەکی تایبەت بە تۆمارکردنی ناوی فەرمانبەرانیان کردبوو.






باسنيوز
Top