دوو گەنج بەهۆی تەقەکردن لەلایەن ئاسایشەوە بەقورسی ئەشکەنجە دەدرێن

دوو گەنج بەهۆی تەقەکردن لەلایەن ئاسایشەوە بەقورسی ئەشکەنجە دەدرێن
دوو گەنجی دانیشتووی قەزای دوبزی سەر بە پارێزگای کەرکوک، بەهۆی ئەوەی تەقەیان کردووە، لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیرکراون، ئەو گەنجانە کە یەکێکیان کاسبکارە و ئەوی دیکەشیان پێشمەرگەیە، چەند کارمەندێکی ئاسایشی ئەو قەزایە تۆمەتباردەکەن بەوەی بە قورسترین شێوە ئەشکەنجەیان داون و دەشڵێن، به‌ كێبڵ و شیش و بۆری لێیانداون.

شوێنی ئەشکەنجەدان بە جەستەی دوو گەنجە تەقەکەرەکەوە دیارە و ئاسایشیش دەڵێت، ئەو کەسانە دەستگیرکراون کە دوو گەنجەکەیان ئەشکەنجە داوە، بەرنامەی هۆت لاینی رادیۆ و تەلەڤزیۆنی رووداو، رۆژی یەكشەممە 9-10-2016، وردەکارییەکانی رووداوەکە و رووداوەکانی هاوشێوەی تاوتوێکرد.

لە بەرنامەكەدا هەریەک لە سەرکەوت جەلال، یەکێک لەو گەنجانەی ئەشکەنجەدراوە، لەگەڵ جوان زەنگەنە، سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤ لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک و بێستوون فایەق، ئەندمی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی کوردستان بەشداربوون.

سەرکەوت جەلال، یەکێک لە گەنجە ئەشکەنجەدراوەكان بە رووداوی گوت "هاوڕێیەکم هەیە پێشمەرگەیە، رۆژی سێشەممەی رابردوو دوای ئەوەی لە دەوام هاتەوە منی بینی و، داوای لێکردم بە ئۆتۆمبێلەكەم بگەیێنمەوە ماڵەوە، دوای ئەوەی لە ئۆتۆمبێلەكەم سەرکەوت، پاش کەمێک چەکەکەی دەرکرد و سێ بۆ چوار فیشەکەی بەڕووی ئاسماندا تەقاند، كەمێك دوای ئەوە چەند كارمەندێكی ئاسایش هاتن و بەرلەوەی بیگەیێنمەوە ماڵەوە دەستگیریان كردین".

گەنجە ئەشکەنجە دراوەکە ئاماژەی بەوەکرد، رۆژانە لەنێو بازاڕ تەقە دەکرێت و پێش ئەوان و دوای ئەوانیش تەقە کراوە، بەڵام نازانن ئاسایش بۆچی بەتەنیا ئەوانی دەستگیرکردووە و ئازاریان داون. گوتیشی "ئێمەیان بە لێدان بردە ئاسایش و لەوێش لێیانداین، تەنیا لە ماوەی یەک کاژێردا ئێمەیان گرت و ئەشکەنجەیان داین و دواتر ئازادیان کردین".

جوان زەنگەنە، سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤ لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کە بەشداربووێكی دیكەی بەرنامەی هۆت لاین بوو، لەبارەی رووداوەكە رایگەیاند "بەداخەوە بۆ ئەو رووداوە، دۆخی ئێستای کەرکووک زۆر هەستیارە و دیاردەی چەک هەڵگرتن پەرەیسەندووە، چەک بەئاسانی دەستدەکەوێت و هێزە ئەمنییەکانیش ناتوانن کۆنترۆڵی بکەن".

سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤ لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک گوتیشی "بەهۆی ئەوەی چەک بەئاسانی دەستکەوێت، خەڵکیش کێشە کۆمەڵایەتییەکان بەچەک یەکلایی دەکەنەوە و هانای بۆ دەبەن، ئەوەش کێشەکانی قوڵتر کردووەتەوە و کوشتنیش بەوهۆیەوە زۆردەبێت، بۆیە چەکهەڵگرتن و دەستکەوتنی کارێکی مەترسیدارە".

لەبارەی رووداوی تەقەکردنەکە و ئەشکەنجەدانی ئەو دوو گەنجەی دووبز، جوان زەنگەنە گوتی" دیاردەی تەقەکردن شتێکی ناشیرین و ناشارستانییە و لەهەر کوێیەک بكرێت لەگەڵیدا نین، بەتایبەت تەقەکردن لە بازاڕ و شوێنە گشتییەکاندا کارێکی نەشیاوە و ئێمە دژی ئەو کارەین، لەگەڵ ئەوەشدا نەدەبوو ئاسایش بەوشێوەیە ئەو دوو گەنجە ئەشکەنجە بدات، هەروەها لە کەرکووک هەڵکوتانە سەر ماڵان و چەند دیاردەیەکی دیکە بەناوی ئاسایشەوە زیادیان کردووە".

لەبەرامبەردا، بێستوون فایەق، ئەندمی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی کوردستان لەبارەی رووداوەكە گوتی"ئێمە وەک پەرلەمان هیچ بەدواداچوونێکمان بۆ ئەو دۆسییانە نەکردووە، چونکە دەبێت لە پەرلەمان كاربکەین و پرسیار لە وەزیری ناوخۆ بکەین، بەڵام ئێمە ئێستا ئەو دەزگایەمان نییە کە پەرلەمانە".

پەرلەمانتارەکەی لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی کوردستان گوتیشی" تاکی کورد لەلایەن دەزگای ئاسایشەوە سووکایەتی پێدەکرێت بە قسەی ناشیرین و فەلاقەکردن ئەوەش لە حاڵەتەوە بووە بەدیاردە، بۆیە هەرکەسێک لەلایەن ئاسایشەوە بانگهێشت بکرێت سووکایەتی پێدەکرێت".

بێستون فایەق گوتیشی" کاتێک کە ئێمە لە پەرلەمان بووین و پەرلەمان کارابوو، زیاتر لە 400 سکاڵای لەو جۆرەمان لابوو، ئێستاش خەڵک سکاڵامان بۆ دێنن و سکاڵای زۆر لەوە خراپتر هەیە، کەسیش پێینازانێت".
RUDAW -
Top