فەرماندەیەکی پێشمەرگە: لە مووسڵ داعش ترسێکی زۆری لێ نیشتووە
فەرماندەیەکی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، ئاماژە بەوە دەدات کە داعش لە مووسڵ ترسێکی زۆری لێ نیشتووە و بە ناچاری پەنای بۆ بەکارهێنانی فێڵێکی تازە کردووە.
قادر قادر، بەرپرسی محیوەری گوێڕی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "ڕێکخراوی توندڕەوی داعش، بەرامبەر بە پێشمەرگە و هێزەکانی دیکە، لە شکستێکی گەورە دایە و ترسێکی زۆری لێ نیشتووە، بۆەی دەستی داوەتە تاقیکردنەوەی چەکی نوێ، لەوانەش بەکارھێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و بۆمبڕیژکردنی ئەو جۆرە فڕۆکانە لەبەرەکانی جەنگ".
ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە ئەوەشی ڕوون کردەوە کە داعش لە بازاڕەکانەوە ئەو چەکانە دەکڕن و دواتر بۆمبڕێژیان دەکەن، بۆ ئەوەی لەبەرامبەر ئەو هێزانە بەکاریان بهێنن کە هەوڵی ئازادکردنەوەی ناوچەکان دەدەن.
پێشتر فەرماندە باڵاکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی کوردستان ئەوەیان ڕاگەیاندبوو کە ڕێکخراوی توندڕەوی داعش دڵنیایە لەوەی مووسڵ لەدەست دەدات، بۆیە هەوڵ دەدات ماوەی مانەوەی لەو شارە درێژ بکاتەوە.
ئەمە لە کاتێک دایە کە داعش لە هێرشەکەی ئەمڕۆ یەکشەممە 9\10\2016دا بۆ سەر بنکەی هێزەکانی تورکیا لە ناوچەی باشیکی ڕۆژهەڵاتی مووسڵ، فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی بۆمبڕێژ کردووە و لە لایەن هێزەکانی تورکیاوە تێکشکێندراوە.
Bas News-
