سەردار قادر: ئەنجومەنی وەزیران تەنیا من بە پارێزگاری فەرمی دەزانێت
سەردار قادر، پارێزگاری سلێمانی بە (وەكالەت)، ڕایگەیاند: "بە شێوەیەكی فەرمی و یاسایی لە ڕێگای نووسراوێكەوە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان، مامەڵەی فەرمی لەگەڵ مندا وەك پارێزگاری سلێمانی دەکات".
پارێزگاری سلێمانی بە (وەكالەت) ئەوەشی ڕوون کردەوە: "بەیاننامەی جێگری سەرۆكی حكوومەت لەبارەی مامەڵەكردن لەگەڵ پارێزگاری سلێمانی، بەڵگەیە لەسەر قسەكانم، ئێستاش خەڵكی سلێمانی ئەوەندە بەلایانەوە گرنگە كارەكانیان بڕوات، ئەوەندە گرنگ نییە كێ دەبێتە پارێزگاری سلێمانی، بۆیە هەوڵمان داوە لە ڕووە یاساییەكەوەیەوە كارەكان بڕوێنین".
ئەمە لە کاتێکدایە کە ئێستا سلێمانی لە کێشەی فرە پارێزگاری دایە، بەهۆی ئەوەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، هەڤاڵ ئەبوبەکری وەک پارێزگار پەسەند کردووە، بەڵام بەهۆی تەواونەکردنی ڕێکارە یاساییەکانی دانانی، وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕای گەیاند کە بەهۆی ئەوەی مەرسوومی هەرێمی بۆ ئاسۆ فەرەیدوون دەرکراوە، ئەو وەک پارێزگار دەزانن. بەڵام ئاسۆ فەرەیدوون بریکارنامەی بۆ سەردار قادر کردووە و ئێستا ئەو پارێزگاری سلێمانییە بە وەکالەت.
باسنیوز
