پەرلەمانتارێکی پارتی: بەیاننامەی پێنج فراکسیۆنەکە لە دژی سوپای تورکیا موزایەدەیە

 پەرلەمانتارێکی پارتی: بەیاننامەی پێنج فراکسیۆنەکە لە دژی سوپای تورکیا موزایەدەیە
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتیی کوردستان بەیاننامەی پێنج فراکسیۆنی پەرلەمان لەبارەی کشانەوەی سوپای تورکیا بە موزایەدە ناودەبات و سەرۆکی فراکسیۆنی ئازادیش دەڵێت: "ئێمە پارتیمان ئاگادار نەکردەوە".

عەباس غەزاڵی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسۆنی پارتی، ڕایگەیاند: “بەیاننامەکەی دوێنێ شەممە 8\10\2016ی پێنج فراکسیۆنی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی کشانەوەی سوپای تورکیا، موزایەدەی سیاسییە، چونکە 63 وڵات بنکەی سەربازییان لە عێراقدا هەیە”.

جەختیشی لەوە کردەوە کە بەیاننامەکە بۆ ئامانجێکی دیاریکراوی سیاسییە.

هاوکات ئەبو کاروان، سەرۆکی فراکسیۆنی ئازادی لە پەرلەمانی کوردستان کە واژووی لەسەر بەیاننامەکە کردووە، ڕایگەیاند: “ئێمە ئاگاداری پارتی دیموکراتیی کوردستانمان نەکردووەتەوە لەسەر ئەم پرسە، بەڵام باوەڕمان وایە کە دەبێت سوپای تورکیا خاکی کوردستان جێ بهێڵێت”.

پێشتر سۆران سێوکانی، توێژەری سیاسی، بە توندی ڕەخنەی لەو لایەنە سیاسییانە گرتبوو کە داوای کشانەوەی هێزەکانی تورکیا دەکەن و ڕای گەیاندبوو: “لوولەی تفەنگی ئەو هەموو پاسدارە نابینن؟”. ئەوەشی ئاشکرا کردبوو کە تا ئێران فەرمانی نەکرد، لایەنەکان ئەو هەڵوێستەیان وەرنەگرتووە.






باسنیوز
Top