پەرلەمانتارێک: بەغدا بڕیاری ناردنی پارەی بۆ هەرێمی کوردستان نەداوە

پەرلەمانتارێک: بەغدا بڕیاری ناردنی پارەی بۆ هەرێمی کوردستان نەداوە


پەرلەمانتارێکی کورد لە پەرلەمانی عێراق باسی سەردانی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا دەکات و رایدەگەیەنێت، کە هیچ بڕیارێک بۆ ناردنی پارە بۆ هەولێر، نەدراوە.



رۆژی شەممە 8ـی تشرینی یەکەمی 2016، سەرحان سلیڤانەی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاندووە، کە بڕیارە رۆژی 15ـی تشرینی یەکەم، پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە رەوانەی پەرلەمان بکرێت.



سەرحان سلیڤانەیی هەروەها رایگەیاندووە، کە پێویستە شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێش ناردنی پرۆژە یاسای بودجە بۆ پەرلەمان، سەردانی بەغدا بکات.



ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوەش کردووە، کە تاوەکو ئێستا ھیچ بڕیارێک نەدراوە بۆ ئەوەی حکوومەتی عێراق بڕە پارەیەک بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت، بەڵام ”چاوەڕێ دەکرێ گەر شتێک بکرێت، دوای ئەنجامدانی رێککەوتنەکە بێت“.



دوای سەردانی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و شاندی کوردستان بۆ بەغدا، بڕیار درا شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی کێشەکان، سەردانی بەغدا بکات.



رۆژی پێنجشەممە 29ـی ئەیلوولی 2016، مەسعود بارزانی بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای سیاسیی کوردستانی باشوور، بۆ تاوتوێکردنی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسڵ، داهاتووی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و پرسی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانی باشوور، سەردانی شاری بەغدای کرد.
Bas News-
Top