ئەندامێکی فراکسیۆنی یەکێتی: بەھیچ شێوەیەک کار بە واژۆی ھەڤاڵ ئەبوبەکر ناکرێت

 ئەندامێکی فراکسیۆنی یەکێتی: بەھیچ شێوەیەک کار بە واژۆی ھەڤاڵ ئەبوبەکر ناکرێت
ئەندامێکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، بەهیچ شێوەیەک کار بە واژۆی هەڤاڵ ئەبوبەکر ناکرێت و تەنانەت مافی ئەندامێتیی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیشی لەدەست داوە.

ڕزگار حەمە نووری، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراکسیۆنی یەکێتی، ڕایگەیاند: ”بەپێی ڕێککەوتنی سیاسیی یەکێتی و گۆڕان، ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەنگیان بە هەڤاڵ ئەبوبەکر بۆ پۆستی پارێزگاری سلێمانی دا، بەڵام لەو کاتەوە ئەو پۆستە بەهۆی کێشەی سیاسییەوە یەکلایی نەبووەتەوە“. گوتیشی: ”بزووتنەوەی گۆڕان بەھۆی کێشەی سیاسی لەگەڵ پارتی دیموکراتیی کوردستان، ئامادەنییە بە نووسراوی فەرمی، ڕێکاری یاسایی لە ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئەو پۆستە یەکلایی بکرێتەوە، تاوەکوو هەڤاڵ ئەبوبەکر لە پۆستەکەی دەست بەکار بێت“.

ئەوەشی ڕوون کردەوە کە نزیکەی مانگێکە پۆستی پارێزگاری سلێمانی بە ھەڵپەسێردراوی ماوەتەوە، بەڵام بۆ ئەوەی ئیشوکاری هاووڵاتییان دوانەکەوێت، ئاسۆ فەرەیدوون، وەکالەتی بۆ یەکێک لە جێگرەکانی کردووە. ڕاشیگەیاند: ”ئێستا سەردار قادر، بەوەکالەت کراوە بە پارێزگاری سلێمانی، بەڵام ئەوەی ئێستا کێشەی دروستکرووە ئەوەیە لەخاڵی دووی ماددەی 20 ئاماژە بەوەکراوە کە لە کاتی وازھێنانی پارێزگاری سلێمانی، یاخود خانەنشینبوونی، جێگری پارێزگار بۆی ھەیە 90 ڕۆژ بەوەکالەت پۆستی پارێزگار بەڕێوە ببات، بەڵام دوای تەواو بوونی ئەو ماوەیەی دیاریکراوە، پارێزگاری بەوەکالەت ھیچ دەسەڵاتێکی یاسایی نامێنێت، ھەروەھا دوای 50 ڕۆژی دیکە، ئەگەر ئەو پۆستە یەکلایی نەبێتەوە، بۆ جارێکی دیکە قەیرانی نەبوونی پارێزگاری سلێمانی و سەرۆکی ئەنجون سەرھەڵدەداتەوە“.

ئەو ئەندامەی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، لە لێدوانەکەیدا دووپاتی کردەوە: ”بەپێی یاسا، ئێستا ئاسۆ فەرەیدون پارێزگاری سلێمانییە و دەتوانێت درێژە بە پۆستەکەی بدات، چونکە مۆڵەتی وەرگرتووە، ھەروەھا لە نووسراوێکی ئەنجومەنی وەزیرانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا باس لەوەکراوە کە ئاڵوگۆڕی پۆستی پارێزگاری سلێمانی، شەرعیەتی نییە و لای ئەوان ئاسۆ فەرەیدوون بە فەرمی پارێزگاری سلێمانییە“.

ئەوەشی ئاشکرا کرد کە لەو ڕۆژەوەی دەنگ بە ھەڤاڵ ئەبوبەکر دراوە، مافی ئەندامێتی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی نەماوە. گوتیشی: ”تەنھا بە دەنگی ئەنجومەنی پارێزگا کراوە، پارێزگاری سلێمانی لەگەڵ ئەوەشدا بەھیچ شێوەیەک لە دامودەزگا حکومییەکاندا کار بە واژۆی ھەڤاڵ ئەبوبەکر ناکرێت“.













باسنیوز
Top