پارتی: هێشتا بابەتی زێباری یەكلانەبووەتەوە تا کاندید بۆ شوێنەکەی پێشنیاز بکەین
د. تاریق گەردی، جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی، لەبارەی دەنگۆی دانانی بریكاری وەزیری دارایی عێراق لەشوێنی زێباری، ڕایگەیاند: "بابەتی متمانە وەرگرتنەوە لە وەزیری دارایی عێراق، یەكلانەبۆتەوە، تانەمان لە بڕیارەكەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، داوە كە یاسایی نییە و گرفتی یاسایی تێدایە".
جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتیی كوردستان، ئەوەشی ڕوون كردەوە: "بڕیارە ڕۆژی 10\10\2016، لە دادگای دادبینی، وردبینی لەسەر ئەو كەیسە بكرێت، دواتر لە دادگای فیدڕاڵی ئەم كەیسە یەكلادەكاتەوە، تا ئەو كەیسە یەكلا نەبێتەوە، پارتی بیری لەوە نەكردوەتەوە كە لە وەگرتنەوەی ئەو پۆستە، بەشدار دەبێت یان نابێت".
ئەمە لە کاتێک دایە کە ئەمڕۆ شەممە 8\10\2016، میدیاکانی سەر بە یەكێتیی نیشتمانی كوردستان دەنگۆی ئەوەیان بڵاو کردەوە کە لە لایەن پارتییەوە، فازڵ نەبی، بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق، لە شوێنی زێباری داندراوە.
باسنیوز
