زیاد کاکە ڕەزا: پۆستی پارێزگای سلێمانی کێشەکانی نێو یەکێتی قووڵتر کردووەتەوە

 زیاد کاکە ڕەزا: پۆستی پارێزگای سلێمانی کێشەکانی نێو یەکێتی قووڵتر کردووەتەوە
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ئاماژە بەوە دەکات، مامەڵەکردنی حکوومەت لەگەڵ پارێزگاری سلێمانی بە وەکالەت، یەکێتی کردووەتە دووبەشەوە و گۆڕانیش پشتگیری دەکات.

زیاد کاکە ڕەزا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتیی کوردستان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، ڕایگەیاند: “وەزارەتی ناوخۆ ڕای گەیاندووە، مامەڵە لەگەڵ پارێزگاری نوێی سلێمانیدا ناکەن، چونکە نایاساییە، قوباد تاڵەبانیش ڕای گەیاندووە کە مامەڵە لەگەڵ سەردار قادر، پارێزگاری سلێمانی بەوەکالەت دەکەن، بۆیە هیچ لایەکمان لاری نییە لەگەڵ سەردار قادر، بەڵام بەڕێوەبردنی ئەو پۆستە بە شێوەی ئێستا نایاساییە”.

ئەوەشی ڕوون کردەوە کە دەبووایە پێشوەختە یەکێتی و گۆڕان بەربەستە یاساییەکانی بەردەم پرۆسەی دانانی پارێزگاری سلێمانییان نەهێشتایە، گوتیشی: “بەپێی یاسای ژمارەی (3)، دەبێت کەسێک ئەندامی ئەنجوومەن بێت، ئینجا دەتوانێت ببێتە پارێزگار، بەڵام ئەوەی یەکێتی و گۆڕان کردوویانە کە ئەم پۆستە بە کاتی تا 3 مانگ بڕوات، چۆن دەتوانێت چارەسەری کێشەکان بکات".

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی جەختی لەوە کردەوە کە ئەو بڕیارەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەت ئاشکرای کردووە، لەبارەی مامەڵەکردنی حکوومەت لەگەڵ سەردار قادر، پارێزگاری سلێمانی بە وەکالەت، لە لایەن بزووتنەوەی گۆڕانەوە پێشوازی لێ کراوە، چونکە “سەردار قادر سەر بە گۆڕانە، بەڵام یەکێتی لەناو خۆیدا لەسەر ئەو بابەتە بووەتە دوو بەش و لایەنێکی یەکێتی لە دژی وەستاوەتەوە”.










باسنیوز
Top