پەرلەمانتاریکی کورد: لە بەغدا هەڵیان کوتاوەتە سەر ژوورەکەم و حزبوڵای لوبنانی لەسەر جەعفەری هاتووەتە دەنگ”

 پەرلەمانتاریکی کورد: لە بەغدا هەڵیان کوتاوەتە سەر ژوورەکەم   و حزبوڵای لوبنانی لەسەر جەعفەری هاتووەتە دەنگ”
پەرلەمانتارێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژە بەوە دەکات، لەسەر پرسی سەندنەوەی متمانە لە وەزیری دەرەوەی عێراق، هەڕەشەی لێ کراوە و چەند کەسێکیش هەڵیان کوتاوەتە سەر ژوورەکەی.



ئەمڕۆ شەممە 8\10\2016، عادل نووری، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە هەوڵی لێپرسینەوە لە وەزیری دەرەوەی عێراق دەدات، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “لەدوای جوڵاندنی بابەتی ئاراستەکردنی چەند پرسیارێک لە ئیبراهیم جەعفەری، هەڕەشە و چاوسوورکردنەوەمان لەسەر هەبووە، لە کاتێکدا پەرلەمان هەق و مافێکی دەستووریی خۆیەتی، لێپرسینەوەش یەکێکە لە مافەکانی پەرلەمانتار، بۆیە ئەگەر وەزیر نەترسێت، دێت وەڵامی سەرجەم پرسیارەکان دەداتەوە و خۆی لە وەڵامەکان نادزێتەوە، بەڵام ئەگەر هاتوو نەیتوانی بڕوا بەپەرلەمانتاران بهێنێت و نەیتوانی وەڵامی بەڵگەکان بداتەوە، ئەوە چۆن پەرلەمان متمانەی پێداوە، ئاواش لێی دەسەنێتەوە”.



ئەو پەرلەمانتارە کوردە سەرسوڕمانیی خۆی لەوە دەربڕی کە جەعفەری پێداگری لەسەر پۆستەکەی دەکات. گوتیشی: “من بە ئەندامێکی لیستەکەی جەعفەریم گوت، پێویست بە چاو سوورکردنەوە و هەڕەشە ناکات، دواتر ئەو بەڵگانەی کە هەیە کاری یەک ڕۆژ و دوو ڕۆژ نییە، من بەڵگەم لە شارەزایانی لەندەنەوە هێناوە، بە مانگ کارم لەسەر کردووە".




عادل نووری ئەوەی ئاشکرا کرد کە کازم سەیادی، پەرلەمانتاری عێراقی پێی گوتووە، حزبوڵایی لوبنان دەیەوێت دەست لەپرسەکە وەربدەن، بە جۆرێک داوایان لە عەممار حەکیم، سەرۆکی هاوپەیمانیی نیشتمانیی شیعەکان کردووە، پشتگیری لە هەوڵەکانی لێپرسینەوە لە جەعفەری نەکرێت. دەشڵێت: “بەشێکیشیان کەوتوونەتە نامەناردن و هەڕەشەکردن، لەکاتێکدا وایان لە 10 پەرلەمانتار کرد کە واژۆکانیان بکێشنەوە، بەڵام 3 لەو پەرلەمانتارانە پەشیمان بوونەوە”.



ئەو پەرلەمانتارە کوردە ئەوەشی ئاشکرا کرد کە بەهۆی هەوڵی لێپرسینەوە لە جەعفەری، ئەو هەڕەشەی جددی لەسەر و دەڵێت: “لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، چەند کەسێک هەڵیان کوتایە سەر ژوورەکەم، بەڵام من ئەو کاتە لە ژوورەوە نەبووم، ئەوان وێنەی ئەو لیستی ناوانەیان گرتووە کە واژوویان لەسەر داواکارییەکە کردبوو”.







باسنیوز
Top