باڵی دەستڕۆیشتوو ئۆتۆمبێل بۆ ئەندامانی لیستی یەکێتی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەکڕێت

 باڵی دەستڕۆیشتوو ئۆتۆمبێل بۆ ئەندامانی لیستی یەکێتی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەکڕێت
باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتی، ئۆتۆمبێل بۆ ئەندامانی حزبەکە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەکڕێت، پەرلەمانتارێکی گۆڕانیش ئاماژە بەوە دەدات، کڕینی ئۆتۆمبێل لە لایەن حزبەوە کۆتوبەند بۆ پەرلەمانتاران و ئەندامانی ئەنجومەن دروست دەکا.



بەپێی زانیارییەکان، باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتی، ئۆتۆمبێلی بۆ ژمارەیەک ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی کڕیوە و ژمارەیەکی دیکەشیان پێشتر بۆیان کڕدراوە، لەناو ئەو فراکسیۆنەی پارێزگای سلێمانی، ئۆتۆمبێل بۆ ئەو سێ پەرلەمانتارەش کڕدراوە کە بڕیاری جیابوونەوەیان دا و دواتر بۆ ناو یەکێتی گەڕانەوە، بەڵام بۆ ئەکرەم شەریف نەکڕدراوە کە بەوە ناسراوە، لە باڵی ناوەندی بڕیارەوە نزیکە.



لەمبارەیەوە سەرچاوەیەکی ئاگادار رای گەیاند، کڕینی ئەو ئۆتۆمبێلانە پەیوەندیی بە پرسی باڵباڵێنی یەکێتییەوە ھەیە و ئەو باڵەی یەکێتی کە باڵی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد (دەستڕۆیشتوو)ە، پارەدارە و دەیەوێ لە ڕێگەی بەخشینی ئیمتیازاتەوە ئەندامانی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بخاتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیەوە.



ھەر بەپێی زانیارییەکان، ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە بۆ ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی کڕدراون، لە جۆری تۆیۆتا -پڕادۆ و فۆرچنەرن.



بەپێی نرخی بازاڕ، ئێستا ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانەی تۆیۆتا بە کیلۆمەتر سفرەوە نرخەکانیان لە 30 ھەزار دۆلار تا 40 ھەزار دۆلار دەبێت.



محەمەد رەسوڵ، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراکسیۆنی یەکێتی، ڕاگەیاند، پێشتر کۆمەڵێک ئەندامی ئەنجومەن ئەو ئۆتۆمبێلانەی وەرگرتبوو، ئێستا بەشێکی دیکە وەریان گرتووە، ئەو ئۆتۆمبێلانە بە ناوی ئیدارەی گشتی دراون بە ئەندامانی ئەنجومەن لە فراکسیۆنی یەکێتی. گوتیشی: "تا ئێستا ھەندێ لە ئەندامانی ئەنجومەن ماون کە ئۆتۆمبێل وەربگرن، ئۆتۆمبێلەکان بە تاک تاک دراون، بۆیە جۆرەکانیان جیاواز بووە".



ئەو ئەندامەی یەکێتی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕەتی کردەوە کە پێدانی ئەو ئۆتۆمبێلانە پەیوەندی بە باڵباڵێنەوە ھەبێت و جیاوازی کرابێت لەنێوان ئەندامانی ئەنجومەن، گوتی: "ھەموومان یەک فراکسیۆنین، کاک ئەکرەمی لێ دەرچێت کە خۆی پێشتر سەرۆکی ئەنجومەن و کارگێڕی مەڵبەند بووە لە شارەزوور، سەیارەی مەڵبەندی پێ بووە، برادەرانی دیکە وەریانگرتووە و جیاوازی نەکراوە".



ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، ئەوانەی لەگەڵ ئەکرەم شەریف جیابوونەوە، گەڕاونەتەوە ناو فراکسیۆن، تەنیا ئەکرەم شەریف نەبێت، جیاوازی بۆ ئەوانیش نەکراوە.



لەلایەن خۆشیەوە ئەکرەم شەریف، ئەندامی دەست لەکارکێشاوەی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی،ئاشکرا کرد، ئەو ئاگاداری ھیچ نییە و لە وەرگرتنی ئۆتۆمبێل ئاگادار نەکراوەتە و ھیچ شتێکی لەو بابەتەی لەگەڵدا باس نەکراوە.

ھاوکات عومەر عینایەت، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان، ڕاگەیاند: ”لە راستیدا هەق وایە پەرلەمانتاران و ئەندامانی ئەنجومەنەکان لەلایەن پەرلەمان و پارێزگاکانەوە ئۆتۆمبێلیان بۆ دابین بکرێ، تا وادەی ئەندامیەتییان تەواو دەبێت و دواتر ئۆتۆمبێلەکان موڵکی پەرلەمان و پارێزگاکان بن و ڕادەست بکرێنەوە“. گوتیشی: "بەبێ ئۆتۆمبێل ئەو ئەندامانە ناتوانن کارەکانیان بەپێی پێویست ڕایی بکەن، بەڵام کاتێک ئەوان ئامادە نین ئەوە بکەن، ئەوا حزب دێت دابینی دەکا و پارەی ھەیە، ئەوە دەبێتە ھۆی ئەوەی ئەو پەرلەمانتار و ئەندامانەی ئەنجومەن وەک خۆیان ئازاد نەبن و بکەونە ژێر کۆنتڕۆڵی حزبەکەیان و جۆرێک لە کۆتوبەندیان بۆ دروست دەکا".


پەیوەندی بە ژمارەیەک ئەندامی ئەنجومەنی یەکێتی لە پارێزگای سلێمانییەوە کرد، بەوانەشەوە کە لەگەڵ ئەکرەم شەریف جیا بوونەوە، بەڵام ئامادە نەبوون لەسەر ئەو پرسە قسەیان ھەبێت، یەکێک لەو چوار ئەندامە جیابووەوە ڕای گەیاند، ئەوان لە فراکسیۆنی یەکێتیدان و ئۆتۆمبێلەکانیش موڵکی یەکێتین.









باسنیوز
Top