لە بانە بۆ پشتیوانی لە كۆڵبەران بازاڕ دادەخرێ
لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کەمپینێک بۆ پشتیوانی لە کۆڵبەران پێکهاتووە. ئەو کەمپینە بەناوی "هەموومان دەنگی کۆڵبەرانی سەر سنوورین" لە راگەیێندراوێکدا داوایکردووە، رۆژی شەممە دوکان و بازاڕەکانی شاری بانە وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر کوشتنی کۆڵبەران دابخرێن. کەمپینەکە لەلایەن ژمارەیەک چالاکڤانی شاری بانەوە پێکهاتووە. ئەوان دەڵێن هەوڵدەدەن خەڵک لە بەرامبەر کوشتنی کۆڵبەران بێدەنگ نەبێت.
لە راگەیێندراوی ئەو کەمپینەدا هاتووە، کوشتن و بریندارکردنی کۆڵبەرانی کورد بە تەقەی هێزە ئینتزامییەکان لە سنوورەکانی کوردستان بووەتە دیاردەیەکی رۆژانە، بەڵام کەس دەنگی ناڕەزایەتی خەڵکی نەبیستووە. ئاماژە بەوەش دراوە داخستنی دوکان و بازاڕەکانی شاری بانە لە رۆژی شەممە دەتوانێ لەمپەرێک دروست بکات لەبەردەم تەقەکردن لە کۆڵبەران و کاسبکارانی سەر سنوور.
سەرەڕای ئەوەی رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران چەند مانگێك پێش ئێستا رایگەیاند، هێزەکان تەقە لە کۆڵبەران نەکەن، بەڵام لە رۆژهەڵاتی کوردستان تەقەکردن لە کۆڵبەران هەروا بەردەوامە. لە چەند هەفتەی رابردوودا لە بانە و بۆکان، 5 کۆڵبەر کوژراون. چەند کەسی دیکەش بریندارکراون. بنەماڵەی کۆڵبەرە کوژراو و بریندارەکان دەڵێن، دامودەزگا دادوەری و حکومییەکان بەدواداچوون بۆ سکاڵاکانیان لە بکوژەکان ناکەن. بنەماڵەکان دەشڵێن هەڕەشەی ئەوەیان لێدەکرێت کە بەتۆمەتی ناوزڕاندنی هێزەکانی ئێران لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.
لە ساڵانی دەیەی هەفتا و سەرەتای هەشتای هەتاویدا لە شارە جیاوازەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان چەندین خۆپیشاندانی خوێناوی دژی کوشتنی کۆڵبەران بەڕێوەچوون، بەڵام کوشتنی کۆڵبەران کۆتایی پێنەهات. ئەندامانی کەمپینی "هەموومان دەنگی کۆڵبەرانی سەر سنوورین" هیوادارن ئەمجار خەڵک بەشێوەی هێمنانە، بە داخستنی دوکان و بازاڕ پەیامی خۆیان بگەیێننە دەسەڵات. بازاڕییانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە ماوەی رابردوودا ئەزموونی سەرکەوتوویان لە داخستنی دوکان و بازاڕەکانیان هەیە. چەند مانگێك پێش ئێستا بە داخستنی دوکان و بازاڕەکانیان حکومەت و هێزە ئەمنییەکانیان ناچارکرد سنوورەکان بەڕووی کۆڵبەراندا بکەنەوە.
Rudaw-
