هاوسەرۆکی دەبەپە ئازادکرا

هاوسەرۆکی دەبەپە ئازادکرا

دوای 6 مانگ لە دەستبەسەرکردنی، بۆیەکەمجار هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتەکان دادگایی کرا و دادگاش بڕیاری ئازادکردنی بۆ دەرکرد.

کامەران یوکسەک، هاوسه‌رۆكی پارتی هه‌رێمه‌ دیموكراته‌كانDBP رۆژی 13-5-2016 له‌لایه‌ن پۆلیسی توركیاوە ده‌ستگیركرا و پاشان دادوەر بڕیاری دەستبەسەرکردنی دەرکرد، تاوەکو یەکلاییبوونەوەی دۆسیەکەی لە دادگا.

رۆژی هەینی 7-10-2016 یوکسەک برایە بەردەم دادوەر و یەکەمین دانیشتن بۆ دادگاییکردنی دەستیپێکرد.

هەرچەندە 26 پارێزەر ئامادەبوون بەرگری لە یوکسەک بکەن، بەڵام دادگا رایگەیاند تەنیا رێگە بە 3 پارێزەر دەدات بەرگری لێبکەن و پارێزەرەکانی دیکە دەبێت وەک ئامادەبووانی دیکەی دانیشتنەکە لە ریزی میوانان دابنیشن.

یوکسەک، لە بەرگری لەخۆکردنەکەیدا تەواوی ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە کە درابوونە پاڵی و گوتی: "لە چوارچێوەی سیاسەتی گشتی پارتەکەم دەیانجار تێڕوانینەکانم خستووەتەڕوو، لەبارەی ئەو رووداوانەی لەناوچەکە روودەدەن. داوای بێتاوانی و ئازادکردنم دەکەن".

دادگاش بڕیاریدا هاوسەرۆکی دەبەپە ئازادبکرێت و پرۆسەی دادگاییکردنەکەی بەبێ دەستبەسەرکردنی ناوبراو بەردەوام بێت.

داواکاریی گشتیی ئامەد داواکارینامەیەکی ئامادەکردبوو بۆ دادگاییکردنی هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتەکان و داوای کردبوو بە تۆمەتی "ئەندامێتی پەکەکە" لە 5 ساڵەوە بۆ 15ساڵ بە زیندانیكردن سزابدرێت.

رۆژی 13-5-2016 كامەران یوكسه‌ك، هاوسه‌رۆكی پارتی هه‌رێمه‌ دیموكراته‌كان DBP به ‌فه‌رمانی داواکاری گشتیی له‌لایه‌ن پۆلیسی توركیاوە ده‌ستگیركرا و پاشان دادوەر بڕیاری دەستبەسەرکردنی بۆ دەرکرد تاوەكو یەکلاییبوونەوەی دۆسیەکەی لە دادگا.

دوای ئەو بڕیارە، ناوبراو لە زیندانی جۆری Fی ئامەدەوە گواسترایەوە بۆ زیندانی جۆری Fی ئەدەنە، کە یەکێکە لە خراپترین زیندانەکانی تورکیا.

یوکسەک، بەهۆی لێدوانەکانییەوە لە میدیاکاندا لە شاری ئامەد، ‌تۆمه‌تی "ئه‌ندامێتی پەکەکە و کارکردن وەک گوتەبێژی پەکەکە و کەجەکە"ی دراوەتە پاڵ.

دەستبەسەرکردنی یوکسەک، نیگه‌رانی له‌لایه‌ن یاساناسان و ئه‌ندامانی ئه‌م پارته‌ی لێكه‌وته‌وه ‌و DBP و HDK و HDP داوای ئازادکردنی دەستبەجێی ناوبراویان کرد.

کامەران یوکسەک پێشتر بۆ ماوەی 5 ساڵ بەبێ دادگاییکردن زیندانی کرابوو، بەڵام بەهۆی پڕکردنەوەی ماوەی یاسایی دەستبەسەری لە زیندانەکانی تورکیا لە 2014 دا ئازادکرا.

كامەران یوكسه‌ك

- هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتەکان DBP
- لە ساڵی 1980 لەدایک بووە
- کۆلێژی زانستی لە زانکۆی ئەنقەرە تەواوکردووە
- لە 2009 دا بووتە جێگری سەرۆکی پارتی کۆمەڵگەی دیموکراتی
- 14ی نیسانی 2009 دەستگیرکرا و 5 ساڵ زیندانی کرا
- 12ی نیسانی 2014 ئازادکرا
17 ی تەمموزی 2014 بووە هاوسەرۆکی DBP
- 13 ی ئایاری 2016 دەستگیرکر
Rudaw-
Top