له هه‌ندێ فه‌رمانگه‌ى حكوومه‌تدا كارتی نیشتمانی ناخوا!
سابیر ره‌سووڵ، یه‌كێك له‌و هاووڵاتییانه‌ی كارتی نیشتمانیی ده‌رهێناوه، ئه‌وه‌ی راگه‌یاند، له‌و كاته‌وه‌ی كارتی نیشتمانیی ده‌رهێناوه ناسنامه‌ی باری كه‌سی و ره‌گه‌زنامه‌كه‌ی لێ وه‌رگیراوه‌ته‌وه و به‌شێك له فه‌رمانگه‌كانیش بۆ مامه‌ڵه فه‌رمییه‌كان داوای ده‌كه‌ن.
ئه‌و هاووڵاتییه ڕوونی كرده‌وه، مامه‌ڵه‌ی له فه‌رمانگه‌ی باج و تاپۆی خانووبه‌ره هه‌بووه و داوای ناسنامه‌ی باری كه‌سی و ره‌گه‌زنامه‌یان لێ كردووه، گوتی: "كارتی نیشتمانیم پێ دان و گوتم ناسنامه و ره‌گه‌زنامه‌یان لێ وهرگرتوومهتهوه، گوتیان ئه‌و كارته له لای ئێمه كاری پێ ناكرێت و مامه‌ڵه‌كه‌یان راگرتم".
ئه‌و داوا له حكوومه‌ت ده‌كات ئه‌و كێشه‌یه چاره‌سه‌ر بكات و فه‌رمان به فه‌رمانگه‌كان بكات كار به كارتی نیشتمانی بكه‌ن.
به‌پێی بڕیاری حكوومه‌ت، ئه‌و كارته شوێنی هه‌ر چوار ناسنامه ره‌سمییه‌كه (باری شارستانی، ره‌گه‌زنامه، كارتی زانیاریی، فۆرمی خۆراك) ده‌گرێته‌وه و هه‌ر هاووڵاتییه‌ك به‌پێی كارته‌كه كۆدی تایبه‌تیی خۆی ده‌بێت.
دانا شه‌ریف، ئه‌فسه‌ری كارتی نیشتمانی له هه‌ولێر ئه‌وه‌ی دووپات كرده‌وه، به‌شێك له فه‌رمانگه‌كان كێشه بۆ ئه‌و هاووڵاتییانه دروست ده‌كه‌ن كه‌وا كارتی نیشتمانی‌یان هه‌یه.
ئه‌و گوتی: "له به‌غدا و له ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی كوردستانیش نووسراو بۆ فه‌رمانگه‌كان كراوه كه وا هه‌ر كه‌س هه‌ڵگری كارتی نیشتمانی بێت، نابێت له هیچ فه‌رمانگه‌یه‌ك داوای ناسنامه‌ی باری كه‌سی و ره‌گه‌زنامه و كارتی زانیاریی لێ بكرێت".
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا، وه‌كو نوێنه‌ری فه‌رمانگه‌كه‌یان سه‌ردانی 40 فه‌رمانگه‌ی نێو هه‌ولێری كردووه بۆ روونكردنه‌وه له‌باره‌ی كارتی نیشتمانی، گوتیشی: "كارته‌كه‌م بۆ شی كردوونه‌ته‌وه و پێم گوتوونه له‌بری ناسنامه فه‌رمییه‌كان ده‌بێت".
هه‌ر كه‌سێك له‌سه‌رووی 12 ساڵی دابێت ئه‌وا كارتی نیشتمانی بۆ ده‌رده‌كرێت.
دانا شه‌ریف دووپاتی كرده‌وه، له‌سه‌ره‌تاوه هه‌ردوو فه‌رمانگه‌ی باج و تاپۆی خانووبه‌ره له‌گه‌ڵ كارته‌كه كێشه‌یان هه‌یه، گوتیشی: "ئه‌و كارته كارتێك نییه كۆمپانیایه‌ك دهریكردبێت و فه‌رمانگه‌یه‌ك بڵێت كاری پێ ناكه‌م، ئه‌وه كاری حكوومییه و ده‌بێت كاری پێ بكرێت، حكوومه‌ت ناسنامه و ره‌گه‌زنامه وه‌رده‌گرێته‌وه و كارتی نیشتمانی ده‌دات، كه‌واته كارتێكی باوه‌ڕ پێكراوه و كێشه‌ی قانوونیی نییه، هه‌ر كه‌س كار به‌و كارته نه‌كات ئه‌وا توندترین سزا ده‌درێت و هه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رێك كاری پێ نه‌كات لێپرسینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت".
ئه‌فسه‌ره‌كه‌ی كارتی نیشتمانی جه‌ختی كرده‌وه، ئه‌گه‌ر ناسنامه‌ی باری كه‌سی و ره‌گه‌زنامه وه‌رنه‌گرنه‌وه، كارتی نیشتمانی هیچ به‌ها و شه‌رعییه‌تێكی نابێت: "ئه‌و كاته فه‌رمانگه‌كان شێوازی كاری خۆیان ناگۆڕن و كاریش به كارتی نیشتمانی ناكه‌ن، یه‌كێك له كێشه‌كان ئه‌وه‌یه ئامێری خوێندنه‌وه‌ی كارته‌كه له فه‌رمانگه‌كان نییه، له‌و ئامێره‌دا هه‌موو ناسنامه فه‌رمییه‌كانی نێو كارته‌كه ده‌رده‌كه‌ون".
پێی وایه، دوای سه‌ردانیكردنی بۆ فه‌رمانگه‌كان، كارتی نیشتمانی له وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و هاتوچۆ و پاسه‌پۆرت و نشینگه و هه‌ندێك فه‌رمانگه‌ی تر كاری پێ ده‌كرێت و كێشه‌ی بۆ دروست ناكرێت.
هه‌ر هاووڵاتییه‌ك بۆ درهێنانی كارتی نیشتمانی ده‌بێت ناسنامه و ره‌گه‌زنامه و كارتی زانیاریی هه‌بێت و پاشان هه‌ر 10 په‌نجه مۆری لێ وه‌رده‌گیرێت، له‌گه‌ڵ وه‌رگرتنی وێنه و وێنه‌ی گلێنه‌ی چاویش.
به گوته‌ی ئه‌و ئه‌فسه‌ره، پێشووتر رۆژانه 200 كه‌س سه‌ردانیان ده‌كردن، به‌ڵام ئێستا به هه‌ردوو فه‌رمانگه له هه‌ولێر نزیكه‌ی 400 كه‌س سه‌ردانیان ده‌كه‌ن و له ماوه‌ی دوو هه‌فته‌شدا كارته‌كان له به‌غداوه ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ هاووڵاتییان، گوتیشی: "20 هه‌زار كه‌س له هه‌ولێر كارتی نیشتمانی‌یان بۆ ده‌ركراوه، ئه‌گه‌ر هاووڵاتییه‌ك بیه‌وێت ناسنامه و ره‌گه‌زنامه‌كه‌ی تازه بكاته‌وه یان هاوسه‌رگیری بكات، به ناچاری ده‌بێت كارتی نیشتمانیی بۆ دروست بكرێت".
ئاشكراشی كرد، له‌نێو سه‌نته‌ری شاری هه‌ولێر 2 فه‌رمانگه‌ی ده‌رهێنانی كارتی نیشتمانی كراوه‌ته‌وه، به‌ڵام له قه‌زاكانی تری هه‌ولێر نه‌كراوه‌ته‌وه: "ده‌بێت 60%ى هاووڵاتییان كارته‌كه‌یان هه‌بێت، ئه‌وكات 40%كه‌ی تر ناچار ده‌كرێن ئه‌و كارته ده‌ربكه‌ن، ئه‌وه‌ش لانى كه‌م 5 ساڵی تری پێویسته".
له خه‌سڵه‌ته‌كانی ئه‌و ناسنامه‌یه نوێیه، بۆ ماوه‌ی 10 ساڵ كاری پێ ده‌كرێت و زانیارییه‌كانی تایبه‌ت به موڵكداریی خانووبه‌ره و تۆماری مه‌ده‌نی و تۆماری تاوانكاری و موڵكداریی ئوتۆمبێل و زانیارییه‌كانی تر، له‌خۆ ده‌گرێت.
باسنيوز
