قایمقامی شنگال: خاكی شنگال جێی تاوانبارانی تێدا نابێتەوە

 قایمقامی شنگال: خاكی شنگال جێی تاوانبارانی تێدا نابێتەوە
خوێندن لە ناوچە كۆنترۆڵكراوەكان دەستیپێكرد جڤاتی ڕۆحانیی ئێزدییەكان بڕیاری داوە، شنگال جێی ئەوانە نیە كە فیتنە لەنێو پێكاتەكانی شنگال دروست دەكەن و خەڵكی شنگال ئەوانە لە خۆیان دوور دەخەنەوە، چونكە ئەو كاتەی كارەسات بەسەر شنگالدا هات، خەڵكی هەرێمی كوردستان و بە تایبەتیش دهۆك، دەرگای ماڵەكانیان بۆ كوردانی ئێزدی كردەوە، بەڵام ئەمڕۆ برایەكانی ئێمە لە چیای شنگال تیرۆر دەكرێن، ئێزدییەكان خۆیان بێدەنگ ناكەن و بە هەموو توانایان هەوڵی ئاشكراكردنی تاوانباران دەدەن.


جڤاتی ڕۆحانیی ئێزدییەكان بڕیاری داوە، بەهیچ شێوەیەك ئێزدی لەسەر شەهیدكردنی ئەو دوو فەرمانبەرە بێدەنگ نەبن و لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكە پێكهێندراوە، تا ڕاستییەكان ئاشكرا بكرێن و هەر كەسانێك ئەو فەرمانبەرانەیان شەهید كردبێت، جیاوازی لە نێوان ئەو كەسانە و ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش نیە و خاكی شنگال جێی تاوانبارانی تێدا نابێتەوە.


مەحما خەلیل، قایمقامی شارۆچكەی شنگال لە دیدارێكی "هەولێر"ـدا رایگەیاند، ئێمە چ وەك ئیدارەی ناوچەكە چ وەك خەڵكی ئێزدی ئیدانەی تیرۆركردنی هەر دوو كارمەندی رێگاوبانی دهۆك دەكەین، لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكە پێكهێندراوە ئەوانەی ئەو كارەیان كردووە هیچیان كەمتر نیە لە داعش، بۆیە پێویستە هەرچی زووە ئەوانە بدۆزرێنەوە و بە سزای خۆیان بگەن. روونیشی كردەوە، دوای تیرۆركردنی دوو فەرمانبەرەكەی دهۆك پەكەكە هێزەكانی لە شنگال زیاد كردووە، هەروەها بوونەتە ڕێگر لە گەڕانەوەی خەڵكی ناوچەكە و بەجینۆسایدناساندنی ئەو تاوانانەی لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە بەرانبەر بە ئێزدییەكان كراوە.


جگە لە یەپەگە هیچ كەس و لایەنێكی دیكە ئەو كارە ناكات
مەحما خەلیل، گوتی: ئەو دوو كارمەندە لەژێر دەسەڵاتی چەكدارانی یەپەگە تیرۆركراون، بۆیە هەموو ئاماژەكان بۆ ئەوەنە كە یەپەگە ئەو كارەی كردووە، هەتا خزم و كەسانی ئەو دوو كەسەی تیرۆركراون چوونەتە لای یەپەگە، ئەوانیش هەواڵەكەیان پشت راست كردووەتەوە كە ئەو دوو كارمەندە بە ئۆتۆمبێلەكانی خۆیان لە بازگەكانی ئەوان ڕەت بوونە، هەروەها تەرمی هەر دوو كەسەكەیش هەر لەناوچەی ئەوان لە چەپەكانی چیای شنگال دۆزراونەتەوە، بۆیە جگە لە یەپەگە هیچ كەس و لایەنێكی دیكە ئەو كارە ناكات، بەڵام تا بەتەواوەتی بۆ ئێمە روون نەبێتەوە كە كێ ئەو دوو كارمەندەی تیرۆر كردووە ئێمە بە فەرمی هیچ ناڵێین، تا لێكۆڵینەوەی ورد لەوبارەیەوە دەكرێت، بەڵام تا ئێستا لێكۆڵینەوە لە ڕووداوی شەهیدكردنی دوو فەرمانبەرەكە بەردەوامە و لیژنەیەكی باڵا پێكهێنراوە بۆ ئاشكراكردنی تاوانباران، ئێستا چاوەڕوانی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان دەكەین، چونكە ئەوانەی ئەو كارەیان ئەنجامداوە جیاوازییان لەگەڵ تیرۆریستانی داعش نیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەیش هەموو ئاماژەكان بۆ پەكەكە دەچن، لەگەڵ تیرۆركردنی ئەو دوو كارمەندە ئۆتۆمبێلی ئەوان بۆ سووریا بردراون.


پەكەكە دەستی كردووە بە زیادكردنی هێزەكانی ئەوەش مەترسییەكی گەورە لەسەر ناوچەكە دروست دەكات
خەلیل، روونیشی كردەوە، پاش ئەوەی پێش چەند رۆژێك وەك ئیدارەی ناوچەكە و پیاوماقوولان و خەڵكی شنگال لە مەزاری شەرفەدین لە بناری چیای شنگال كۆبووینەوە و داوامان كرد، كە هەر چی زوو دەبێت پەكەكە و ئەو لایەنانەی سەر بە پەكەكە دەبێت شنگال چۆڵ بكەن و بگەڕێنەوە ئەو ناوچەی كە لێوە هاتووە، هەتا بەیاننامەیەكمان دەركرد و ڕای گشتی و نوێنەری وڵاتانی جیهان و نەتەوەیەكگرتووەكان لێ ئاگادار كردەوە، بۆ ئەوەی ئەوان ناوچەكە چۆڵ بكەن، بەڵام بەداخەوە ئەوان هیچ ڕێز لە یاسا و خەڵكی ناوچەكە ناگرن، دوای ئەوەی دوو فەرمانبەری بەڕێوەبەرایەتی ڕێگاوبانی دهۆك لە چیای شنگال تیرۆركران، پەكەكە دەستی كردووە بە زیادكردنی هێزەكانی لەناوچەكە، ئەوەش مەترسییەكی گەورە لەسەر ناوچەكە دروست دەكات، گومانەكان زیاتر دەبێت و تاوانەكە لەسەر خۆیان دەسەلمێنن، بۆیە ئەو تاوانەی كە لە شنگال كراوە لە سنووری ئەوان بووە و دەبێت ئەوان بەرپرسیاریەتی ئەوە هەڵبگرن، لەبەرئەمەیش ئێمە ئەوان بە پلەی یەكەم تاوانبار دەكەین.


پەكەكە بووەتە ڕێگر لە گەڕانەوەی خەڵكی ناوچەكە و بەجینۆسایدناساندنی ئەو تاوانانەی لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە بەرانبەر بە ئێزدییەكان كراوە
هەبوونی چەند هێزێكی نایاسای لە شنگال وەك پەكەكە و یەپەگە، بوونەتە ڕێگر لە گەڕانەوەی خەڵكی ناوچەكە و لێ ناگەڕێن خەڵك بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و دەیانەوێت شنگال هەر بە چۆڵی بمێنێتەوە و بیكەنە شوێنی خۆیان، بەڵام لەگەڵ ئەوەیش دوای ئازادكردنی شنگال و كۆمەڵگەكانی دەوروبەر خەڵك بەردەوام دەگەڕێتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، هەتا ئێستا 7 هەزار خێزان گەڕاونەتەوە شنگال و ناوچەكانی دەوروبەر، ئەگەر ئەو هێزانە نەمێنن لە ماوەیەكی نزیكدا ناوچەكە ئاوەدان دەبێتەوە و خەڵك دەگڕێتەوە، بەڵام وەك ئاماژەم پێدا ئەوان ڕێگرن لە گەڕانەوەی هاووڵاتیان و ئاوەدانكردنی ناوچەكە، هەروەها رێگرن لە بەجینۆسایدناساندنی ئەو تاوانانەی لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە بەرانبەر بە ئێزدییەكان كراوە، بۆیە ئەو هێزانەی پەكەكە كە لەسەر چیای شنگالن، جیاوازییان نیە لەگەڵ ئەو هۆزە عەرەبانەی هێرشیان كردە سەر شنگال و، بەرژەوەندی و دواڕۆژی ئێزدی و شنگالیان خستووەتە مەترسییەوە.


خوێندن لە ناوچە كۆنترۆڵكراوەكان دەستیپێكرد
قایمقامی شارۆچكەی شنگال، ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد، لەگەڵ لێدانی زەنگی ساڵی نوێی خوێندن، لە شنگالیش زەنگی ساڵی نوێی خوێندن لێدرا، ئێستا لە هەموو ئەو ناوچانەی پێشمەرگە لە سنووری شنگال لەدەستی داعش دەریهێناوە خوێندن دەستیپێكردووە، زیاتر لە 18 قوتابخانە كراونەتەوە، لەو قوتابخانانە ڕێژەیەكی زۆر لە قوتابیان دەخوێن، لەگەڵ گەڕانەوەی خەڵكی ناوچەكە ژمارەی قوتابخانەكان زیاد دەكەین".
Hawler-
Top