مه‌سروور بارزانی بۆ sky news: به هیچ شێوه‌یه‌ك پێشمەرگە لەو ناوچانەی ئازادی کردوون ناکشێتەوە
•به‌ڕێز جه‌نابی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، ئاماده‌كارییه‌كی زۆر بۆ ئۆپه‌راسیۆنی مووسڵ كراوه، ئایا هێزه‌كانی پێشمه‌رگه به‌شداری له‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌دا ده‌كه‌ن؟
مه‌سروور بارزانی: بێگومان به‌شداری تێدا ده‌كات، ئێمه سه‌یری ته‌واوی ئه‌و پلانه‌مان كردووه، كه ئاماده‌كراوه و له ته‌واو بووندایه، بێگومان پێشمه‌رگه تێیدا به‌شدار ده‌بێت، به‌ڵام به شێوه‌یه‌كی سنووردار.
•سنوورداریی به‌رده‌م پێشڕه‌وی پێشمه‌رگه چین؟
مه‌سروور بارزانی: له‌به‌ر هه‌ندێ پرس، كه په‌یوه‌ندی به جوگرافیاوه هه‌یه، ئێمه ناخوازین بچینه ئه‌و ناوچانه‌ی هه‌ستیاری دروست ده‌كه‌ن، له پلانه‌كه‌دا ئه‌وه روونكراوه‌ته‌وه، كه پێشمه‌رگه تا كوێ پێشڕه‌وی ده‌كات.
•له مووسڵ به‌هۆی جیاوازی كلتووری و ئه‌تنی و مه‌زهه‌بی جۆرێك له هه‌ستیاری هه‌یه، یه‌كێك له‌و هه‌ستیارانه‌ی ئه‌گه‌ری به‌شداری حه‌شدی شه‌عبییه له ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌دا، چ گه‌ره‌نتیه‌ك هه‌یه، كه ئه‌مه روونه‌دات؟
مه‌سروور بارزانی: تۆ راست ده‌كه‌یت، كه ده‌بێ ئه‌و هه‌ستیاریانه له‌به‌رچاو بگیردرێن، چونكه پێكهاته‌ی دانیشتوانی مووسڵ زۆر تێكه‌ڵاوه، له‌وێ خه‌ڵكی جیاواز له‌رووی ئه‌تنی و مه‌زهه‌بیه‌وه ده‌ژین، بۆیه ده‌بێ ئه‌مه له‌به‌رچاو بگیردرێ و میكانیزمێك بدۆزرێته‌وه كه دوای رزگاربوون له داعش ئه‌م خه‌ڵكه هه‌ست به ئاسووده‌یی بكه‌ن. هه‌روه‌ها هه‌ندێ له هێزه به‌شداربووه‌كانی ئۆپه‌راسیۆنه‌كه مایه‌ی قبوڵی ته‌واوی خه‌ڵكی شاره‌كه نین و زۆربه‌یان ناخوازن بچنه ناو شاره‌كه بۆئه‌وه‌ی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه دروست نه‌بێت یا نه‌بێته پاڵنه‌ر خه‌ڵكه‌كه هاوكاری داعش بكه‌ن.
•ئایا پێشمه‌رگه ئه‌و كه‌لوپه‌ل و كه‌ره‌ستانه‌ی پێدراوه، كه له‌م شه‌ڕه‌دا پێویستن؟
مه‌سرور بارزانی: ئێمه به‌رده‌وام داوای چه‌كی زیاتر و كاریگه‌رترمان بۆ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه كردووه. به‌داخه‌وه، ئه‌وه‌ی ئێمه داوامان كردووه و پێویستیمانه، وه‌كو پێویست پێمان نه‌دراوه، به‌تایبه‌تی قه‌ڵغانی خۆپاراستنی پێشمه‌رگه و كه‌لوپه‌لی سه‌ربازی دیكه، كه بۆ تێكشاندنی خێرای داعش پێویستن.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پێشمه‌رگه له‌سه‌ر شكاندنی داعش سووره، به‌ڵام باجی ئه‌وه‌ش له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان زۆر كه‌وتووه. بێگومان به‌هۆی دابینكردنی چه‌ك و كه‌لوپه‌لی باشتر و پێشكه‌وتوو قوربانییه‌كان كه‌متر ده‌بنه‌وه و دوژمنیش زووتر ده‌شكێ.
• ئایا هه‌ست به‌وه ناكه‌ن، كه ئێوه به‌كارده‌هێنرێن؟
مه‌سروور بارزانی: نه‌خێر، ئێمه هه‌ست به‌وه ناكه‌ین، به‌ڵكو ئێمه به‌شێكین له هاوپه‌یمانی جیهانی دژ به تیرۆر. هه‌روه‌ها پێویسته كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ست به به‌رپرسیارێتی زیاتر بكات به‌رانبه‌ر پێداویستیی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه. چونكه پێشمه‌رگه ته‌نها شه‌ڕ بۆ كێشه‌ی خۆی ناكات، به‌ڵكو له‌بری گشت جیهان شه‌ڕ ده‌كات.
•چ وا ده‌كات ئێوه وا بیربكه‌نه‌وه، كه خه‌مساردی هه‌یه له یارمه‌تیدانتان؟
مه‌سروور بارزانی: ده‌كرێ بڵیین به‌هۆی هه‌ندێ هه‌ستیاری سیاسیه‌وه‌یه، كه من پێموایه نابێ ئه‌مه وه‌ك پاساوێك به‌كاربهێندرێ، چونكه ئه‌مه شه‌ڕه له‌دژی تیرۆر، تیرۆریش كێشه‌یه‌كی جیهانییه. بۆیه هه‌ر پاساوێك به‌كاربێت له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ی پێویسته له‌م شه‌ڕه‌دا بدرێته پێشمه‌رگه دادپه‌روه‌رانه و لۆجیكانه نییه.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئێمه له‌وه ده‌گه‌ین، كه هه‌ندێ ئه‌كته‌ری ئیقلیمی خۆشخاڵ نین، پێشمه‌رگه چه‌كی باشی هه‌بێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی پێیانوایه ئه‌مه پێشمه‌رگه به‌هێز ده‌كات، كه ئه‌وان به‌هێزبوونی پێشمه‌رگه به به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان نابینن. به‌ڵام من هه‌میشه ئه‌وه دووپات ده‌كه‌مه‌وه، كه ئه‌وان له‌م حساباته هه‌ڵه‌ن،له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌هێزبوونی پێشمه‌رگه به‌مانای به‌هێزبوونی كوردستان دێت، كه نه‌ك ده‌توانی یارمه‌تی عێراق بدات، به‌ڵكو ده‌توانی بۆ ته‌واوی ناوچه‌كه یارمه‌تیده‌ر بێت.
•كاتێك باس له ئه‌كته‌ری ئیقلیمی ده‌كه‌یت، ئایا مه‌به‌ستت توركیا و ئێرانه؟
مه‌سروور بارزانی: من نامه‌وێ ناوی هیچ وڵاتێك بهێنم، به‌ڵام ئه‌كته‌ره ئیقلیمیه‌كان دیار و ئاشكران.
•چ ئاماده‌كارییه‌ك بۆ فریاگوزارییه مرۆییه‌كان كراوه؟
مه‌سروور بارزانی: ئێمه بۆ ئه‌م ئاماده‌كارییانه گفتۆگۆمان له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان و به‌غدا كردووه. لێره له‌لایه‌ن حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌موو ئه‌و ئاماده‌كارییانه كراوه، كه له توانایدایه. وه‌ك ده‌زانن نزیكه‌ی ٢ ملیۆن ئاواره‌ی عێراق و سووریا له هه‌رێمی كوردستانن، ئێمه پێشبینی هاتنی ژماره‌یه‌كی دیكه ده‌كه‌ین، كه لێره كه‌مپی نیشته‌جێیان بۆ دروست كراوه و ئاسایشیان بۆ دابینكراوه، به‌ڵام حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان توانای دابینكردنی پێداویستی بۆ ئه‌و ژماره زۆره‌ی ئاواره نییه.
•ئه‌گه‌ر شه‌ڕی فه‌لوجه و رومادی به نموونه وه‌ربگرین، كه درێژه‌ی كێشا، ئایا شه‌ڕی مووسڵیش درێژخایه‌ن ده‌بێ؟
مه‌سروور بارزانی: پێموایه شه‌ڕی موسڵ، شه‌ڕێكی سه‌خت ده‌بێت، به گوێره‌ی ئه‌و زانیارییانه‌ی له‌به‌رده‌ستن داعش ده‌یه‌وێت به‌رگری بكات و خۆی بۆ شه‌ڕێكی دژوار ئاماده‌كردووه و تونێلی زۆری له شاره‌كه لێداوه، ئێمه‌ش خۆمان بۆ شه‌ڕێكی سه‌خت و درێژخایه‌ن ئاماده ده‌كه‌ین.
•مووسڵ گه‌مارۆدراوه، ئایا ئه‌وه نابێته مه‌ترسیه‌ك بۆ خه‌ڵكه‌كه‌ی؟
مه‌سروور بارزانی: راسته، شاره‌كه گه‌مارۆ دراوه، هه‌رچه‌نده خه‌ڵكه‌كه له هه‌وڵی دابینكردنی پێداویستییه‌كانی خۆیانن، به‌ڵام خۆتان ده‌زانن داعش رێگه‌ی ئه‌وه نادات هاوكارییه‌كان بگاته خه‌ڵكه‌كه. به‌هه‌ر حاڵ بۆ ئه‌وان كاتێكی سه‌خت و دژواره.
•ئایا هێزه‌كانی پێشمه‌رگه له‌و ناوچانه ده‌كشێنه‌وه، كه له ده‌ستی داعشی رزگاری كردوون؟
مه‌سروور بارزانی: با له‌سه‌ر ئه‌و پرسه روونتر قسه بكه‌م، ئێمه خاكی خۆمان له‌سه‌ر حسابی خاكی هیچ كه‌س فره‌وان نه‌كردووه، به‌ڵكو ته‌نها ئه‌و ناوچانه‌مان گێڕاوه‌ته‌وه، كه له‌بنه‌ڕه‌تدا خاكی كوردستانن، هه‌موو ئه‌و ناوچانه‌ی پێشمه‌رگه رزگاری كردوون و له‌ژێر كۆنترۆڵی پێشمه‌رگه دان، به‌شێكن له خاكی كوردستان، بۆیه هیچ هۆیه‌ك نابینین تا پێشمه‌رگه ئه‌م ناوچانه جێبهێڵێ یا لێیان بكشێته‌وه، به‌ڵكو به‌رگری لێ ده‌كه‌ین.
•كه‌واته له‌م ناوچانه ناكشێنه‌وه؟
مه‌سروور بارزانی: بێگومان نه‌خێر.
•ئایا دوای داعش عێراق تووشی شه‌ڕی دیكه‌ی ناوخۆ ده‌بێت؟
مه‌سروور بارزانی: داعش به‌ره‌نجامی كێشه‌ی دیكه‌ی گه‌وره‌تره، ریشه‌ی ئه‌و كێشانه سیاسین، كه ده‌بێ چاره‌سه‌ر بكرێن. ئه‌گه‌ر عێراق له ٢٠ ساڵی رابردوودا كاری بۆ چاره‌سه‌ری بكردبوایه، ئه‌مڕۆ ئێمه ئه‌و هه‌موو كێشانه‌مان نه‌ده‌بوو. هیچ كاتێك عێراق له‌گه‌ڵ خه‌ڵكه‌كه‌یی و دراوسێكانیدا له ئاشتیدا نه‌بووه. ئێستا كاتی هاتووه جیهان له‌وه بگات، كه ئه‌و هه‌ڵانه‌ی له رابردوو كراون پێویستی به پرۆژه و چاره‌سه‌ری نوێیه.
•ئه‌گه‌ر شته‌كان به‌و شێوه‌یه نه‌بوون؟
مه‌سروور بارزانی: پێشبینی به‌رده‌وامبوونی كێشه‌كان ده‌كه‌ین، به‌دوور نازانرێ رێكخراوی تیرۆریستی هاوشێوه‌ی داعش دووباره ده‌ركه‌وێته‌وه، له‌بیرته پێش داعش، رێكخراوی تیرۆریستی قاعیده هه‌بوو، له‌وانه‌یه دوای داعش شتێكی دیكه‌ی نوێ ده‌ربكه‌وێ. بۆیه ده‌بێ چاره‌سه‌ری كێشه راسته‌قینه و بنه‌ڕه‌تیه‌كانی عێراق بكرێ بۆئه‌وه‌ی رێگه له دووباره ده‌ركه‌وتنه‌وه‌ی رێكخراوی توندڕۆ و تیرۆریستی بگیردرێ. واته بۆشایی نه‌مێنێته‌وه تا ئه‌و رێكخراوه توندڕۆیانه ده‌ربكه‌ونه‌وه و گه‌شه بكه‌ن.
Hawler-
