باڵیۆزی نوێی کوێت: سەبارەت به ویست و داخوازی گەلی کوردستان پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرپرسیارێتی زیاتر ھەڵگرێ

باڵیۆزی نوێی کوێت: سەبارەت به ویست و داخوازی گەلی کوردستان پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرپرسیارێتی زیاتر ھەڵگرێ


ئەمڕۆ "مەسرور بارزانی" راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان پێشوازی لە "سالم غەساب محەمەد ئەلزمانان" باڵیۆزی نوێی دەوڵەتی کوێت لە عێراق و شاندێکی یاوەری کرد.



لە دیدارەکەدا گفتوگۆ لەبارەی دوا پەرەسەندنە سیاسی و سەربازییەکانی ناوچەکە بەگشتی و ئەو پێشھات و ئەگەرانە کرا کە مەزەندەی روودانیان دەکرێ. بالیۆزی نوێی دەوڵەتی کوێت ئاماژەی بە رۆڵی قارەمانانەی ھێزەکانی پێشمەرگە لە شەڕی تیرۆریستان و پاراستنی گشت پێکھاتەکان بێ جیاوازیدا و رایگەیاند، کە ئەوان لەگەڵ ویست و داخوازی گەلی کوردستانن و پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرپرسیارێتی زیاتر ھەڵگرێ.



لەبەرانبەردا مەسرور بارزانی ئاماژەی بە بەشداری پێشمەرگە لە ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی مووسڵ و پێویستی پرۆژە و چارەسەری نوێ بۆ کێشە راستەقینەکانی عێراق کرد و رایگەیاند، پێویستە بونیادی سیاسی عێراق بە شێوەیەک دابڕێژدرێتەوە، کە لەگەڵ فرە کولتووری و پێکھاتەی ئەتنی و مەزھەبی عێراق بگونجێ بۆئەوەی لەگەڵ خۆی و دراوسێکانیدا لە ئاشتیدا بژێت.



ھەر لەو دیدارەدا تیشکخرایە سەر پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان ھەردوولا و جەخت لە پەرەپێدان و فرەوانکردنیان لە گشت بوارەکان کرایەوە، کە لەبەرژەوەندی ھەردوولا دا بێت.
Payamner-
Top