حدک: ئێران بەتەمایە لە کرماشان دۆخی ترس و تۆقاندنی زیاتر زاڵ بکات
لەم بارەوە قادر وریا، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حزبی دیموکراتی کوردستان (حدک) ڕایگەیاند "من نە شارەزای ڕێککەوتن و نە شارەزای شەڕی پەژاک لەگەڵ ئێرانم، بەڵام ئێمە پێمان وایە کوشتن و گیان لەدەستدانی هەر گەنج و تێکۆشەڕیکی کورد بەدەستی هێزە ئەمنی و سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی درێژەی پیلانی لەمێژەی ئێرانە لەدژی بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان."
ڕاشیگەیاند "هەر ڕۆڵەیەکی کورد لە هەر حزب و ڕێکخراوێک کە بەدەستی کۆماری ئیسلامی ببێتە قوربانی ئێمە ئیدانەی دەکەین و بەداخبوونی خۆمان ڕادەگەیەنین و بە خەسارێکی میللەتەکەمانی لەقەڵەم دەدەین."
ئەو ئەندامی ڕێبەریی حدک لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە بۆچی کۆماری ئیسلامی ماوەیەیەک دەیهەوێ شەڕەکان بکێشێتە سنووری کرماشان و دەوروبەری، ڕایگەیاند "ئێران دەیهەوێ لە کرماشان و دەوروبەری بە چڕی کەشوهەوای سەرکوت زاڵ بکات و وای بنوێنێ کە لەو ناوچانە بەهێزە و کەس بۆی نییە چالاکی بکات، لەو ناوچەیەی کە ناڕەزایی مەدەنی زۆرە بەربەستی بۆ ساز بکات، دەیهەوێ ئەو فەزایە بڕەخسێنێ کە هەر کەسێک ڕەخنەی گرت و چالاکیی نواندن تۆمەتی ئەندامەتی بە حزب و پارتە کوردییەکانی بداتە پاڵ و کەشوهەوای ترس و تۆقاندن بەسەر ناوچەکەدا زاڵ بکات."
قادر وریا، لە درێژەدا گوتیشی "بەهۆی ئەوەی کرماشان سنوورێکی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی عێراق هەیە، دەیهەوێ وا بنوێنێ لەویوە داعش دزە دەکات، بۆ ئەوەی سنوورەکانی خۆی لە ناوچەیەی بپاریزیت پەنا بۆ زۆر شت دەبات، لەلایەکی دیکەوەشە بەتەمایە لەڕێگەی جیاوازییە دینی و مەزهەبییەکانەوە دووبەرەکێ لە نێوان شیعە و سوننەدا ساز بکات و بە پیلانەکانی خۆی بگات."
باسنیوز
