حکوومەتی هەرێمی کوردستان: هێزەکەی تورکیا بە ڕەزامەندیی بەغدا لە نزیک مووسڵ جێگیر کراون

 حکوومەتی هەرێمی کوردستان: هێزەکەی تورکیا بە ڕەزامەندیی بەغدا لە نزیک مووسڵ جێگیر کراون
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕوونکردنەوەیەکی لەبارەی ئەو هێزەی تورکیا بڵاو کردەوە کە لە نزیک مووسڵ جێگیر کراون.

بەپێی ڕوونکردنەوەکەی سەفین دزەیی کە لە ماڵپەڕی فەرمیی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا بڵاو کراوەتەوە، ئاماژەی بەوە داوە: “دوای پەلاماردانی داعش بۆ سەر هەرێمی كوردستان و عێراق، وڵاتانی هاوپەیمان و زۆر دەوڵەتی دیكه‌، هاوكاریی سەربازی و مەشق و ڕاهێنانیان پێشكەش به‌ هەرێمی كوردستان و عێراق كرد”.

ئەوەش ئاشکرا کراوە: “لەو چوارچێوەیەدا بە ئاگاداری و ڕەزامەندیی وەزیری بەرگریی عێراق و حكوومەتی عێراقی فیدرال، دوو بنكەی مەشق و ڕاهێنان لە (دووبەردان و باشیك) لە نزیك شاری مووسڵ كرانەوە، ئەویش بەمەبەستی مەشق و ڕاهێنان بە پۆلیس و هێزە خۆبەخشەكانی پارێزگای نەینەوا و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش ئاسانكاری بۆ ئەو پرۆسەیە كردووە”.

گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەشی ڕوون کردووەتەوە کە لە پرۆسەکەدا پسپۆڕە سەربازییەكانی توركیا لە هەردوو شوێنەکە، ڕاهێنانیان بە پۆلیس و هێزە خۆبەخشەكانی پارێزگای نەینەوا كردووە و وەزیری بەرگریی عێراقیش سەردانی بنكەكانی مەشق و هێزە توركییەكانی كردووە. دەشڵێت: گلەوە زیاتر، نە سەرۆكایەتیی هەرێمی کوردستان و نە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئاگاداری هیچ بەرنامەیەكی دیكه‌ نین”.












باسنيوز
Top