کاکە حەمە: پێشمەرگە هەموو ناوچە کوردستانییەکانی مووسڵ رزگار دەکاتەوە
محەمەدی حاجی مەحمود، سکرتێری گشتیی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی (شەرقولئەوسەت) رایگەیاندووە، کە چەندین هۆکار هەبوون بۆ سەردانی شاندی کوردستان بۆ بەغدا، لەوانە، لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان داوایان دەکرد گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بکرێتەوە و تاوەکو ئێستا هەرێمی کوردستان بە فەرمیی لە چوارچێوەی عێراقە.
محەمەدی حاجی مەحمود، کە ئەندامی شاندی کوردستان بوو بۆ بەغدا، ئاماژەی بەوە کردووە، کە لە گفتوگۆکانیاندا لەگەل بەرپرسانی باڵای عێراق، تاوتوێی چوار بابەتیان کردووە، کە بریتین لە بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان و مووچە و هاوکارییەکان بۆ هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایش، پەیوەندییەکانی بەغدا و هەولێر، کێشەی نەوت و گازی نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق و رزگارکردنەوەی مووسڵ.
سکرتێری گشتیی حزبی سۆسیالیست لە چاوپێکەوتنەکەیدا باسی ئەوەشی کردووە، کە لە گفتوگۆکانیاندا لەگەڵ بەرپرسانی عێراق، جەختیان لەوە کردووەتەوە، کە کورد لیستێکی هەڵبژاردن نییە تاوەکو گوێ لە داواکانی نەگیرێ، کورد نەتەوەیەکی پێکهێنەری ئەو وڵاتەیە و پێویستە دان بە مافەکانی بنرێت.
مەحەمەدی حاجی مەحمود، کە بە کاکە حەمە دەناسرێ، لەبارەی هەڵوێستی حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ ئەو پرسانەی کورد گفتوگۆی لەسەر کردن، رایگەیاندووە، لە کۆبوونەوەکاندا بڕیاردرا ژمارەیەک لیژنە لە هەردوو حکوومەت پێکبێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، جگە لە دروستکردنی لیژنەیەکی هاوبەشی حزبە سیاسییەکانی کوردستان و عێراق، بۆ برەودان بە کەلتووری پێکەوەژیانی نەتەوەکان لە عێراق و هاوبەشیی لە حوکمڕانی.
شاندی کوردستان پرسی سەربەخۆیی کوردستانی باشووری لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی عێراق تاوتوێ کردووە و لەمبارەیەوەش کاکە حەمە دەڵێ، هەردوولای کوردستان و عێراق رای تایبەتییان هەیە لەو بارەیەوە، لایەنی کوردستانی هەوڵ دەدات سەربەخۆیی بەدەست بهێنێت و لایەنێ عێراقیش هەوڵ دەدات سیستەمی کۆنفیدڕالی جێبەجێ بکرێت.
سکرتێری گشتیی حزبی سۆسیالیست وردەکاریی گفتوگۆکان لەبارەی رزگارکردنەوەی مووسڵ ئاشکرا دەکات و رایدەگەیەنێت، کە پێویستە رێککەوتن بۆ بەڕێوەبردنی شارەکە دوای لەناوبردنی رێکخراوی توندڕەوی داعش بکرێت و پێیوایە پۆلیس ناتوانێ ئارامیی ئەو شارە بپارێزێت، چونکە لە چەندین نەتەوە و ئایینی چەکدار پێکهاتووە و پێی باشە پێشمەرگە و سوپای عێراق بە هاوبەشیی ئاسایشی مووسڵ بپارێزن.
هەروەک کاکە حەمە رایگەیاندووە، پێشمەرگە هەموو ناوچە کوردستانییەکانی پارێزگای نەینەوا رزگار دەکاتەوە و تاوەکو سنووری مووسڵ دەچێت، بەڵام ناچێتە ناو مووسڵ و پێشیوایە ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسڵ پێش رۆژی 8ـی تشرینی دووەمی 2016 (رۆژی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا) دەست پێدەکات، بەڵام بە دیاریکراوی هیچ رۆژێکی باس نەکردووە.
سکرتێری گشتیی حزبی سۆسیالیست هەروەها رایگەیاندووە، کە شاندی کوردستان و عێراق رێککەوتوون لەسەر پێکهێنانی لیژنەیەکی سەربازیی و ئیداریی باڵا بۆ بەڕێوەبردنی مووسڵ و بۆ ئەم مەبەستەش گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکییەکاندا کراوە.
بە گوتەی محەمەدی حاجی مەحمود، حەیدەر عەبادی داوای لە مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کردووە پێشمەرگە رێگا بە سوپای عێراقی بدا لە ناوچەکانی رۆژهەڵات و باکووری مووسڵەوە و لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە هێرش بکەنە سەر مووسڵ و بارزانیش ئامادەیی هاوکاریکردنی بۆ رزگارکردنەوەی مووسڵ، دەربڕیوە.
رۆژی پێنجشەممە 29ـی ئەیلوولی 2016، مەسعود بارزانی بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای سیاسیی کوردستانی باشوور، بۆ تاوتوێکردنی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسڵ، داهاتووی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و پرسی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانی باشوور، سەردانی شاری بەغدای کرد.
باسنیوز
