کونسوڵی فەڕەنسا: لە هاوکاریکردنی پێشمەرگە بەردەوام دەبین

 کونسوڵی فەڕەنسا: لە هاوکاریکردنی پێشمەرگە بەردەوام دەبین
کونسوڵی نوێی فەڕەنسا ڕای گەیاند: "فەڕەنسا بەردەوام دەبێت لە ھاوکارییە سەربازییەکانی بۆ ھێزی پشمەرگەی کوردستان”.

لەمیانی سەردانێکیدا بۆ قوتابخانەی فەڕەنسا لە شاری سلێمانی، ئەمڕۆ چوارشەممە 5\10\2016، دۆمینیک ماس، کونسوڵی گشتیی فەڕەنسا لە ھەرێمی کودستان، ڕای گەیاند:" فەڕەنسا لە ھاوکارییە سەربازییەکانی بۆ ھێزی پێشمەرگەی کوردستان بەردەوام دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا سوپای فەڕەنسا ھەموو ھەوڵی خۆی دەخاتە گەڕ بۆ ئەوەی ھەمیشە ھاوکاریی ماددی و مەعنەوی ھەرێمی کوردستان بکات”.

دەربارەی ئەوەی تاچەند فەڕەنسا، بەشداری لە ئۆپەڕاسیۆنی ئازادکردنی مووسڵ دەکات؟ کونسوڵی فەڕەنسا، گوتی: "بەڵێ، فەڕەنسا ڕۆڵی کارای دەبێت لە ئۆپەڕاسیۆنی ئازادکردنی مووسڵ، چونکە سەرۆکی فەڕەنسا بڕیاریداوە، بۆ تێکشکاندنی داعش، چەندین بنکەی سەربازی لە نزیک مووسڵ جێگیر بکات”. دووپاتیشی کردەوە: “یەکێک لە هاوکارییەکانی فەڕەنسا بۆ ھێزی پێشمەرگەی کوردستان ئەوەیە ککە ھێزەکانی فەڕەنسا بەچەندین جۆر تیمی جیاوازەوە مەشق و ڕاھێنانی سەربازی بە پێشمەرگە دەکەن”.

کونسوڵی گشتیی فەڕەنسا، ئەوەشی ئاشکراکرد:" شارل دیگۆت، کەشتی فڕۆکەھەڵگری فەڕەنسی لە کەنداوی عەرەبی دایە بۆ ئازادکردنەوەی مووسڵ لە دەستی تیرۆریستانی داعش”.

دۆمینیک ماس تیشکی خستە سەر ئەوەی کە لە ئایندەدا هاوکارییە مرۆییەکانی فەڕەنسا بۆ ھەرێمی کوردستان زیاتر چڕ دەبێتەوە، بەتایبەتی تیمێکی “پڕۆفیشناڵی فەڕەنسا” مەشق و ڕاھێنان بە پێشمەرگە دەکات، بۆ ھەڵگرتنەوەی مینە چێندراوەکان.













باسنیوز
Top