بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی: حکوومەت لە هەوڵی تێپەڕاندنی دۆخەکەدایە
دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، کە ئەوان نایانەوێ لێدوان و بەڵێنی جیاواز بدەن و جێبەجێش نەکرێت، هەرچەندە وەکو حکومەتی ھەرێمی کوردستان، پەروەردەکان و حکومەتی خۆجێیی لەکاردان، بۆ ئەوەی ئەم دۆخە تێپەڕێنن.
دڵشاد عومەر بە پیویستی زانی چانسێکی دیکە بدرێتە حکوومەت و مامۆستاکان بایکۆتی پرۆسەی خوێندن نەکەن، گلەیی خۆیشی لە بەشێک لە راگەیاندنەکان نیشان دا، کە ”دۆخەکەیان زۆر لەسەر ئێمە گەورە کردووە“، ئەگەرچی بودجە و مووچە بەدەست ئەوان نییە.
بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد، کە رۆژی سێشەممە 4ـی تشرینی یەکەمی 2016 لەگەڵ سەردار قادر، پارێزگاری سلێمانی بە وەکالەت کۆ بووەتەوە و جەختیان لەوە کردووەتەوە، هەوڵ بدەن لایەنە سیاسییەکان رابسپێرن شەڕ لەسەر خەڵک بکەن، نەک مامۆستا و فەرمانبەرەکانیان خوێندن و دەوامکردن بایکۆت بکەن.
دڵشاد عومەر باسی لەوەش کرد، کە لەگەڵ نوێنەری حزب و لایەنە سیاسییەکان کۆ دەبنەوە و ”بەرپرسیارێتیی راستەقینە“ دەخەنە ئەستۆی ئەوان، هەرچەندە لە بابەتی بایکۆت ”لە هیچ حزبێک رازی نیم“.
بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی بەلێنی پشتیوانیکردنی داخوازییەکانیانی بە مامۆستا و فەرمانبەرانی شارەکەی دا و رایگەیاند، بەڵام ”ناشکرێ ئەم پشتیوانییەمان بقۆزرێتەوە بۆ ئەوەی کۆمەڵێ خەڵک بێن دژمان بووەستنەوە و بیانەوێ حکومەت بڕووخێنن و نەھێڵن ئێمە ئیشەکانی خۆمان بکەین".
باسنيوز
