عێراق و تورکیا باڵیۆزی یەکتر بانگهێشت دەکەن

 عێراق و تورکیا باڵیۆزی یەکتر بانگهێشت دەکەن
وەزارەتی دەرەوەی هەردوو وڵاتی عێراق و تورکیا باڵیۆزی یەکتر بانگهێشت دەکەن و ناڕەزایی دەردەبڕن.



وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، کە رۆژی چوارشەممە 5ـی تشرینی یەکەمی 2016، فاروق قایماقچی، باڵیۆزی تورکیا لە بەغدای بانگهێشت کردووە.



وەزارەتی دەرەوەی عێراق ناڕەزایی وڵاتەکەی بەرامبەر لێدوانی بەرپرسانی باڵای تورکیا بە فاروق قایماقچی گەیاندووە.



پێشتر رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاندبوو، کە دوای رزگارکردنەوەی شاری مووسڵ، کە هێزەکانی سوپای تورکیاش بەشداریی سەڕەکە دەکەن، مووسڵ تەنها بۆ سوننەمەزهەبە عەرەب، کورد و تورکمانەکان دەبێت.



هەر ئەمڕۆ چوارشەممە 5ـی تشرینی یەکەم، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا هیشام عەلەوی، باڵیۆزی عێراق لە ئەنقەرەی بانگهێشت کردووە، بۆ دەربڕینی ناڕەزایی وڵاتەکەی بەرامبەر بڕیاری پەرلەمانی عێراق.



رۆژی سێشەممە 4ـی تشرینی یەکەمی 2016 پەرلەمانی عێراق داوای لە حکوومەتی وڵاتەکەی کرد، کار بۆ دەرچوونی هێزە تورکییەکان بکات و باڵیۆزی ورکیا ئاگادار بکاتەوە.



بەمەبەستی مەشقکردن بە چەکدارانی میلیشیا سوننەکانی پارێزگای نەینەوا بۆ شەڕکردن لە دژیرێکخراوی توندڕەوی داعش، هێزێکی سوپای تورکیا لە ناوچەی باشیک لە سنووری پارێزگای نەینەوا جێگیرکراوە و رۆژی شەممە 1ـی تشرینی یەکەمی 2016ش پەرلەمانی تورکیا وادەی مانەوەی ئەو هێزەی درێژ کردەوە.



دوای هەرەس پێهێنانی سوپا و هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە مانگی حوزەیرانی 2014 چەکدارانی داعش زۆربەی شارەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان لە عێراق داگیر کرد.





باسنیوز
Top