پەکەکە بە تیرۆرکردنی فەرمانبەرەکانی دھۆک دەیەوێت ئاڵۆزی دروست بکات
قاسم دەربۆ، ئەوەشی ڕوون کردەوە کە ئەگەر دوای ئازادکردنەوەی شاری مووسڵ، پەکەکە چیای شنگال چۆڵ نەکات، ئاڵۆزییەکان تا ئاستی پێکدادان زیاد دەکەن. گوتیشی: “پەکەکە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ کێشەی زیاتر بۆ دەڤەرەکە و خەڵکی شنگال دروست دەکات”.
ئەو بەرپرسەی ئۆپەراسیۆنەکانی فەرماندەیی شنگالی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان ئەوەشی ئاشکرا کرد کە ئەگەر پەکەکە لە چیای شنگالدا بمێنێتەوە، مەترسی ھەیە سوپای تورکیا شنگال و چیاکەش بە بیانووی بوونی پەکەکە تۆپباران بکات و جارێکی دیکە شنگال ببێتەوە بە گۆڕەپانی شەڕ، بۆیە داوا لە پەکەکە دەکەن شنگال چۆڵ بکات.
بە بڕوای قاسم دەربۆ، پاش ئەوەی کوردانی ئێزدی بڕیاریان دا پەکەکە شنگال چۆڵ بکات، بۆ دروستکردنی ئاڵۆزی و ڕێگەگرتن لە بڕیارەکە، پەکەکە دوو فەرمانبەرەی ڕێگاوبانی دھۆکی تیرۆر کرد کە وەک پێشمەرگەی خۆبەخش لە ناوچەکە بوون. داواشی لە پەکەکە کرد، ڕێز لە بڕیاری خەڵکی شنگال بگرن.
باسنیوز
