ئەدهەم بارزانی: پێگەی بارزانی لای ئێران پێگەیەکی بەهێز و گرانە

ئەدهەم بارزانی: پێگەی بارزانی لای ئێران پێگەیەکی بەهێز و گرانە
سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی لە سلێمانی دەڵێت: "بابەتێک نییە ئەوەندە جێگەی نیگەرانی ئێران بێت، تا بارزانی ئێران دڵنیا بکاتەوە". گوتیشی: "لەسەر ئاستی ئێران گرنگی و بایەخێکی گەورە بەم سەردانە دەدرێت، پێگەی بارزانی لای ئێران پێگەیەکی بەهێز و گرانە".

ئەدهەم بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی، لەبارەی سەردانە چاوەڕوانکراوەی شاندی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران، رایگەیاند"لە سەردانەکانی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی بۆ دەرەوەی وڵات چ بۆ ئێران و وڵاتانی دەورووبەر و ئەوروپا، ئەمریکا و جیهان بێت، هەمیشە بەرژەوەندییە باڵاکانی نەتەوایەتی ئەو میللەتە و سەنگی ئەم میللەتە لە هەموو بوارە مێژووییەکاندا لەبەرچاو گیراوە".

ئەدهەم بارزانی، دەڵێت: "لەسەر ئاستی ئێران گرنگی و بایەخێکی گەورە بەم سەردانە دەدرێت، چونکە ئەو پێگە گەورەیەی جەنابیان لە سیاسەتی نێونەتەوەیی و هاوکێشە سیاسییەکاندا هەیانە، بۆ ئێرانیش ئەو پێگەیە پێگەیەکی بەهێز و گرانە".

سەبارەت بە کاتی سەردانی شاندەکە بۆ ئێران، ئەدهەم بارزانی، گوتی: "ئەوەی من ئاگاداربم لە چەند رۆژێکی نزیکی داهاتوودا ئەو سەفەرە ئەنجام دەدرێت، هۆکاری دواکەوتنەکەش کێشەو گرفتی سیاسی نەبووە، بەڵکو زۆر جار بابەتە تەکنیکییەکان و ئامادەیی جەنابیان یان سەرقاڵی جەنابیان بە کۆمەڵێک بابەتەوە، لەسەرووی هەمووشیانەوە ئەو شەڕە داسەپێندراوەی لەسەر کوردستان هەیە سەفەرەکان دواکەوتبن، لە دیوی ئێرانیشەوە هەندێک جار لەو بوارانەدا ئامادە نەبوونە".

سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی لە سلێمانی پێیوایە "لە ئاستی نێونەتەوەییدا پێگەی کۆماری ئیسلامی ئێران بەڕاستی پێگەیەکی بەهێزە، حکومەتی هەرێمی کوردستان و جەنابی سەرۆکی کوردستانیش هەمیشە بە رێزەوە لە پێگەی بەهێزی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان روانیوە".

سەبارەت بەوەی بارزانی لەو سەفەرەیدا تاران لە چی دڵنیا دەکاتەوە، ئەدهەم بارزانی لەو بڕوایەدایە "بابەتێک نییە ئەوەندە جێگەی نیگەرانی کۆماری ئیسلامی ئێران بێت، تا بارزانی بێت و لە بابەتێک کۆماری ئیسلامی ئێران دڵنیا بکاتەوە".

ئەدهەم بارزانی، دەشڵێت: "بەڵکو پەیوەندییەکانی نێوان کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران پەیوەندی مێژوویین، بە درێژایی مێژووی بزاڤی رزگاریخوازی کورد هەر لە دەستپێکدا لەکاتی خەباتی چەکداری و شاخدا هەموو حیزبە کوردستانییەکان و لایەنە سیاسییەکان لەسەر گۆڕەپانی کوردستان پەیوەندییەکی بەهێزیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران هەبووە، کۆماری ئیسلامی ئێرانیش لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەکانی ئەم بەشەی باشووری کوردستان لە زۆر قۆناخدا راوەستاوە".

سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی لە سلێمانی، پێیوایە "جەنابیان سەفەری بۆ هەر وڵاتێک ئەنجامدابێت هەمیشە خێر و بەرەکەتێکی گەورەی بۆ ئەو وڵاتە بەدەستهێناوە، لەو سەفەرەشدا چونکە ئێمە چەندین دەروازەی فەرمی و نافەرمیمان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران هەیە، پێموایە لە بواری ئابووریدا کاریگەری گەورەی لەسەر ژیان و بژێوی خەڵکی کوردستان دەبێت، ئەمە یەکێک لە هۆکارەکان دەبێت بۆ ئەوەی ئەو قەیرانە بەرەو چارەسەری بڕوات، رەنگە چەند پرۆتۆکۆلێک لەنێوانیاندا واژۆ بکرێت یان هەر هیچ نەبێت بگەنە هەندێک خاڵی هاوبەش بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانی نێوانیان بەهێز و بەرەو پێش بچێت".

سەبارەت بەوەی پێشبینی دەکرێت ئەم سەفەرە کاریگەری لەسەر گرفتەکانی ناوچەکە هەبێت، ئەدهەم بارزانی، گوتی: "کۆماری ئیسلامی ئێران کاریگەری لەسەر کۆمەڵێک هاوکێشەی ئەو دەڤەرە و لەسەر کوردستانیش هەیە، ئەوەش ناتوانین بشارینەوە، سەردانەکانی جەنابی سەرۆکیش هەمیشە خاڵێک بووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەو قەیرانەکان و هەمیشە ویستوویەتی بە ئاشتیانە هەموو بابەتەکان لەو دەڤەرەدا چارەسەر بکرێت، چونکە بەڕاستی جەنابیان نوێنەری میللەتێکە کە دەیان ساڵە تووشی قەیران و ئەنفال و کوشتن و کیمیاباران و وێرانکردنی ئەو وڵاتە بووە".

بەپێی میدیاکانی ئێران وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاندووە کە مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە 12 و 13-ی 10-2016 سەردانی ئێران دەکات.



رووداو
Top