كوردانی ئێزدی داوا دەكەن ئەو كەسانەی فیتنە و دووبەرەكی لە شنگال دروست دەكەن بە توندترین شێوە سزا بدرێن

  كوردانی ئێزدی داوا دەكەن ئەو كەسانەی فیتنە و دووبەرەكی لە شنگال دروست دەكەن بە توندترین شێوە سزا بدرێن
دوای ئەوەی دوو كارمەندی رێگاوبانی دهۆك لە سنووری شارەدێی سنوونێ شەهید كران. جڤاتی رۆحانی ئێزدی، لەگەڵ سەرۆك هۆز و كەسایەتی شنگال لە شێخان كۆبوویەوە و شەهید كردنی ئەو دوو فەرمانبەرەیان شەرمەزار كرد و، داوا دەكەن یاسا سەروەر بێت و بكوژەكان بە توندترین شێوە سزا بدرێن.



بابە شێخ، رایگەیاند، كە ئایینی ئێزدی، ئایینی پێكەوەژیانەو دوورە لەم كردەوە تیرۆریستیانە، كوردانی ئێزدی هەر لە كۆنەوە لەگەڵ سەرجەم پێكهاتەكانی كوردستان ژیاون، ئەو كەسانەی ئەم كارەیان ئەنجامداوە دەبێت بە سزای خۆیان بگەن.


شێخ شامۆ، نوێنەری ئێزدییەكان لە پەرلەمانی كوردستان و سەرۆكی بنكەی لالش لە شنگال بۆ "هەولێر" گوتی: شەهیدكردنی دوو كارمەندی ڕێگاوبانی پارێزگای دهۆك دڵگەرانیەكی زۆری لای ئێزدییەكان دروست كردووە، چونكە ئەو دوو كەسەی شەهید كراون، لە سەرەتای هاتنی داعش تا ئێستا لەگەڵ خەم و خەفەتی خەڵكی شنگال ژیاون و یارمەتی هێزی پێشمەرگەیان داوە بۆ ئەوەی شنگال ئازاد بكرێت، ئەو دەستێوەردانە چاوەڕوان كراو بوو، چونكە هەندێك هێزی سیاسیی كە لە دەرەوەی هەرێمی كوردستان هاتوونەتە شنگال، بۆ ئەوە هاتوونە كێشە و دووبەرەكی بخەنە ناو خەڵكی شنگال و دەوروبەری، چەكدارانی پەكەكە رۆژانە بە ئۆتۆمبێلی بێ تابلۆ و جام ڕەش لەناو خەڵكی شنگال دەسووڕێنەوە بێ ئەوەی كەس بزانێت ئەوانە چی دەكەن، ئەگەر ئەو هێزانە لە شنگال نەبووانە دەزگا ئەمنییەكان زۆر بەباشی دەیان توانی كاری خۆیان بكەن و ئەمنیەتی ناوچەكە بپارێزن.


گوتیشی: جێگەی داخە دوو كارمەند كە خەڵكی دهۆك بن لە شنگال شەهید بكرێن، ئەو دهۆكەی كە لە كاتی تەنگانەدا دەرگای بە رووی خەڵكی شنگالدا كردەوە، جێگەی داخە ئێستا دوو كەسی دهۆك لە شنگال شەهید بكرێن ئەو دەستێوەردانەی ئێستا لە شنگال هەیە بەردەوام دەبێت، ئەگەر چارەیەك بۆ ئەو هێزانەی بە نایاسای هاتوونەتە شنگال نەدۆزرێتەوە.
شامۆ، روونیشیكردەوە، پەكەكە لە شنگال بنكەی سەربازی دروست دەكات، كچ و ژنانی ئێزدی دەڕفێنێت، بۆیە داوا لە سەركردایەتی سیاسی كورد دەكەین، هەرچی زووە لەسەر ئەو بابەتە بێتە دەنگ و ئەو كەسانەی بەو كارە هەستاون بە توندترن شێوە سزا بدرێن، بۆ ئەوەی بۆ هەموو خەڵكی هەرێمی كوردستان دیار بێت، كە خەڵكی شنگال لە شەهید كردنی ئەو دوو كارمەندە بێ بەرییە و ئەوە خەڵكی شنگال نیە ئەو ڕەفتارانە دەكات، بەڵكو كەسانێكن دژی خەڵكی شنگال ئەو كارە دەكەن".


قایمقامی شنگال: دوو كارمەندەكە لەلایەن پەكەكەوە تیرۆر كراون. بەرژەوەندی و دواڕۆژی شنگالیان خستووەتە مەترسییەوە
قایمقامی شارۆچكەی شنگال دەڵێ، ئەو دوو كارمەندەی كە تیرۆر كراون، دوو ساڵە خزمەتی شنگال و هێزی پێشمەرگە دەكەن، بەڵام بەداخەوە لەلایەن چەكدارانی پەكەكەوە تیرۆر كراون، هەر بەوەندەیشەوە نەوەستاون و شەرمەزارانە ئۆتۆمبێلەكەیشیان دزیون. (مەحما خەلیل)، راگەیاند: "ئەو دوو كارمەندەی كە تیرۆر كراون، ماوەی دوو ساڵە وەك ئەركێكی نەتەوایەتی و بە شێوەیەكی برایانە خزمەتی شنگال و هێزی پێشمەرگە دەكەن و سینگی خۆیان كردبووە قەڵغان و بەئەركی پیرۆزی خۆیانیان دەزانی، بەڵام بەداخەوە لەلایەن چەكدارانی پەكەكەوە تیرۆر كراون، هەر بەوەندەیشەوە نەوەستاون و شەرمەزارانە ئۆتۆمبێلەكەیشیان دزیون".


خەلیل جەختیشی كردەوە: "ئەو هێزانەی پەكەكە كە لەسەر چیای شنگالن، جیاوازییان نییە لەگەڵ ئەو هۆزە عەرەبانەی هێرشیان كردە سەر شنگال و، بەرژەوەندی و دواڕۆژی ئێزدی و شنگالیان خستووەتە مەترسییەوە". قایمقامی شنگال ڕوونیشی كردەوە: "ئێمە وەكو مەجلیسی رۆحانی و هۆزەكانی ئێزدیان و ئیدارەی شنگال، داوای كشانەوەی چەكدارانی پەكەكەمان كردووە لە سەرجەم ناوچەكانی ئێزدیان و شنگال بە گشتی، سەرجەم كۆنسووڵخانە و رێكخراوە جیهانییەكان و نەتەوە یەكگرتووەكانمان لێ ئاگادار كردووەتەوە و، شەرمەزارییە بە بەرچاوی هەموویانەوە مەترسی كەوتووەتە سەر مەزار و پیرۆزیی كەمایەتییەك كە ئیزدییەكانن.


هەروەها راشیگەیاند: بوونی پەكەكە لە شنگال جێگای مەترسییە و رێگرە بۆ گەڕانەوەی خەڵكی بۆ سەر ناوچەكانی خۆیان، رێگرە لە بەجینۆسایدناساندنی ئەو تاوانانەی لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە بەرانبەر بە ئێزدییەكان كراوە.


وەیسی عەبدوڵڵا و عەبدولمەناف تەها، فەرمانبەر بوون لە بەڕێوەبەرایەتیی ڕێگاوبانی دهۆك و بۆ ماوەی دوو ساڵە لە ناوچەی شنگال بە شێوەیەكی خۆبەخشانە كاریان دەكرد بۆ چاككردنەوەی ڕێگاوبان و ساترەكانی هێزی پێشمەرگە، دوێنی تەرمی هەردووكیان لە پێچی دووەمی چیای شنگال دۆزراوەتەوە.
Hawler-
Top