سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە وەزیری پەروەردەی عێراق کرد

  سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە وەزیری پەروەردەی عێراق کرد

دوێنێ، لە سەلاحەدین مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە د.محەمەد ئیقبال وەزیری پەروەردەی عێراقی فیدڕاڵ كرد.

لە دیدارەكەدا وەزیری پەروەردەی عێراق كورتەیەكی لەبارەی پەیوەندیی و هەماهەنگیی نێوان هەردوو وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی عێراق خستەڕوو، هەروەها باسیشی لە بارودۆخی قوتابیانی ئاوارە لە كەمپەكانی هەرێمی كوردستان و و كێشەكانیان و پلانی حكوومەتی عێراق بۆ پێشكەشكردنی هاوكاری بۆ قوتابخانەكانی كەمپەكان كرد. لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا وەزیری پەروەردەی عێراق سوپاسی گەل و حكوومەتی هەرێمی كوردستانی كرد كە میوانداریی سەدان هەزار ئاوارە و پەنابەریان كردووە. هەروەها ڕۆشنایی خستەسەر سەردانی چەند ڕۆژ پێشی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا و سەردانەكەی بە گرنگ و كاریگەر و مێژووی وەسف كرد. هەر لەم كۆبوونەوەیەدا بیروڕا لەبارەی ئۆپڕاسیۆنی ئازادكردنی موسڵ و نێگەرانییەكان لەبارەی قۆناغی دوای داعش و هەروەها پڕۆسەی سیاسیی عێراق ئاڵوگۆڕ كرا.
Hawler-
Top