میرانی: هەرێم لەگەڵ بەغدا دەیەوێ کێشەکان بە دیالۆگ و لێکتێگەیشتن چارە بکات بە مافی چارەی خۆنووسینیشەوە
ئەمڕۆ لە بارەگای مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان (فازڵ میرانی) سكرتێری مەكتەبی سیاسی پێشوازی لە (هەیسەم ابو الفول) كونسلی شاهنشینی ئوردنی لە هەرێمی كوردستان كرد.
لە دانیشتنێكدا وێڕای بەخێرهێنانی كونسلی ئوردنی (فازڵ میرانی) خۆشحاڵی خۆی بۆ ئەم دیدارە دەربڕی و تیشكی خستە سەر ڕەوشی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە و دواپێشهات و گۆڕانكاری و پەرەسەندنەكانی گۆڕەپانی سیاسی.
سكرتێری مەكتەبی سیاسی ئاماژەی بە گرنگی سەردانەكەی جەنابی (سەرۆك مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری كرد بۆ بەغداو گوتى: ئەمە ئەو ڕاستیە دەسەلمێنێت كە هەرێمی كوردستان پەرۆشە بە ڕێگای ئاشتی و دیالۆگ و لێكتێگەیشتن كێشەكان چارەسەر بكرێن بە مافی چارەی خۆنووسینەوە، چونكە هەر كێشەیەك دواجار بە دیالۆگ و لێكتێگەیشتن لەسەر مێزی گفتوگۆ دەبێت.
هەروەها (میرانی) باسی خۆڕاگری و قارەمانی و شەونخونی هێزەكانی پێشمەرگەی كردو ئامادەییان بۆ ڕزگاركردنی شاری مووسڵ و هەروەها ئاماژەی بەوە كرد كە زۆر گرنگە ڕێككەوتنێكی سیاسی هەبێت لە نێوان تەواوی پێكهاتەكانی شاری مووسڵ و كار بۆ دروستكردنی متمانە لە نێوان پێكهاتەكانی عێراق بكرێت و سەقامگیری و بەرقەراربوونی ئاشتی.
لە لای خۆیەوە (هەیسەم ابو الفول) سوپاسی سكرتێری مەكتەبی سیاسی كرد بۆ ئەم پێشوازییەو رەخساندنی ئەم دیدارەو سوپاس و پێزانینی بۆ رۆڵی گرنگی گەلی كوردستان و قارەمانێتی هێزی پێشمەرگە هەبوو كە بەرگری دەكەن لە خاكی كوردستان و عێراق و ناوچەكەو تەواوی جیهان و پشتگیری وڵاتەكەی بۆ سەقامگیری و یەكریزی هەرێمی كوردستان و عێراق و هێزەكانی پێشمەرگە دووپات كردەوە.
لە كۆتاییدا جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و شاهنشینی ئوردنی كرا كە پەیوەنییەكی مێژوویی و سەركەوتووە.
KDP-
