مەکتەبی سیاسیی پارتی ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە
بەپێی ڕاگەیاندراوێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتیی کوردستان ، سەبارەت بە ڕووداوەکەی شەوی 3\10\2016 کە ئاهەنگێکی بووکگواستنەوەی لە شاری حەسەکە کردە ئامانج و بەهۆیەوە 25 کەس شەهید و دەیانی دیکەش بریندار بوون، ئاماژەی بەوە داوە: ”ئێمە وێڕای سەرەخۆشیمان لە كەسوكاری شەهیدەكان و هیوای چاكبوونەوە بۆ بریندارەكان، ئەو تاوانە چەپەڵە زۆر بە توندی ئیدانە و سەرزەنشت دەكەین و هاوخەمیی خۆمان بۆ خوشك و برا و كەسوكاری قوربانییەكان ڕادەگەیێنین“.
مەکتەبی سیاسیی پارتی جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە ئەو كردەوە تاوانكارییانە نیشانەی داڕمان و شكستە یەك لە دوای یەكەكانی ئەو تاقمە تیرۆیستییە سەرلێشێواوەیە كە پەنا بۆ كار و تاوانی ئاوها دڕندانە دەبات كە دژ بە هەموو ئایین و ئایینزا و عورف و دابونەریتی ئینسانی و مرۆڤایەتییە.
لە کۆتاییشدا هیوای ئەوەیان خواستووە: ”ئەمە دواكۆستی هاووڵاتییانی خۆشەویستی ڕۆژئاوای كوردستان بێت و ئەو ڕووداوە ببێتە زیاتر هاندان و هەوێنی یەكگرتن و سووربوون لەسەر داكۆكیكردن لە مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان و دابینكردنی دواڕۆژێكی ئاسوودە و سەقامگیر و بەختەوەر بۆ گەلەكەمان“.
باسنیوز
