قایمقامی شنگال: دوو فەرمانبەرەکەی دهۆک پێش تیرۆرکردنیان لەلای پەکەکە دەستگیر کرابوون
پاش ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، تەرمی دوو فەرمانبەری ڕێگاوبانی دهۆک کە وەک پێشمەرگەی خۆبەخش چووبوونە سەنگەرەکانی پێشمەرگە، لە چیای شنگال دۆزرایەوە. ئەمڕۆ سێشەممە 4\10\2016، مەحما خەلیل، قایمقامی شنگال ڕایگەیاند: “هەموو بەڵگەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە گەریلاکانی پەکەکە دەستیان لە شەهیدکردنی ئەو دوو پێشمەرگە خۆبەخشەدا هەبووە”.
ئەوەشی ئاشکرا کرد کە دوو فەرمانبەرەکە پێش شەهیدکردنیان، لە لایەن هێزەکانی یەپەگەوە دەستگیر کراون و پێیان گوتوون کە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکەن، بەڵام دواتر ئۆتۆمبێلی پێشمەرگەکان بۆ سووریا بردراون و هەردوو پێشمەرگە خۆبەخشەکەش تیرۆر کراون”. گوتیشی: “ئێمە بە فەرمی هیچ ناڵێین، تا لێکۆڵینەوەی ورد لەوبارەیەوە دەکرێت”.
باسنیوز
