فەرماندەیەکی پێشمەرگە: بۆ رزگارکردنەوەی حەویجە مۆڵەت لە کەس وەرناگرین
رۆژی سێشەممە 4ـی تشرینی یەکەمی 2016، وەستا رەسوڵ، فەرماندەی میحوەری چواری پێشمەرگە لە رۆژئاوای کەرکووک بە کەناڵی (کوردستان 24)ی راگەیاندووە، کە بۆ بەشدارکردنی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی شارۆچکەی حەویجە، رێککەوتن لەگەڵ هێزە عێراقییەکان کراوە.
وەستا رەسوڵ باس لەوە دەکات، کە رەنگە رزگارکردنەوەی شاری مووسڵ پێش ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی حەویجە بکەوێت و هۆشدارییشی دا لەوەی، دوای رزگارکردنەوەی شارۆچکەکە، کێشەی سوننە و شیعەمەزهەبەکان سەرهەڵدەدات.
ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە هەروەها رایگەیاندووە، کە هێزی پێشمەرگە بە تەواوی خۆی بۆ رزگارکردنەوەی حەویجە ئامادە کردووە و بۆ بەشداریکردنیشی، مۆڵەت لە هیچ کەسێک وەرناگرێت.
پێشتر چەند جارێک میلیشیا شیعەکان باسیان لەوە کردووە، کە نابێ هێـزەکانی پێشمەرگە بەشداریی رزگارکردنەوەی شاری مووسڵ و شارۆچکەی حەویجە بکەن.
هێزی پێشمەرگەی کوردستان بڕیارەکانی لە مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەردەگرێت.
شارۆچکەی حەویجە، سەر بە پارێزگای کەرکووکە و لە مانگی حوزەیرانی 2014 دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، هاوشێوەی شاری مووسڵ و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کرا.
