کۆریای باشوور: نووسینگەی باڵیۆزخانەمان لە هەولێر دەکەینە کونسووڵخانە
لەم دیدارەدا، باس لە پەرەدان بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆریای باشوور کراوە.
پوختەی دەقی ناوەرۆکی دیدارەکە:
ئەمڕۆ سێشەممە 4ـی 10ـی 2016 لە سەلاحەدین مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە سۆنگ ڤوونگ یوب، باڵیۆزی نوێی كۆریای باشوور لە عێراقی فیدڕاڵ و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارەكەدا باڵیۆزی كویای باشوور لە عێراق بەناوی گەل و حكوومەتی كوریای باشوور سوپاسی قوربانیدان و خۆڕاگری گەلی كوردستان و پێشمەرگەی كرد لە شەڕی دژی تیرۆریستان و پیرۆزباییشی لە سەرۆك بارزانی كرد بۆ ئەو سەركەوتنانەی پێشمەرگە لە بەرانبەر تیرۆریستاندا بەدەستیانهێناوە و ئەوەیشی خستەڕوو كە لەوە دڵنیان گەلی كوردستان لەژێر سەركردایەتیی سەرۆك بارزانی بەسەر ئاستەنگەكاندا سەردەكەوێت. لەدرێژەی قسەكانیدا سەردانی چەند ڕۆژ پێشی بارزانیی بۆ بەغدا بە گرنگ و مێژوویی وەسف كرد و هیوای خواست كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر بكرێت.
باڵیۆزی كوریای باشوور سەرۆكی هەرێمی کوردستانی لەوە ئاگادار كردەوە كە وڵاتەكەی بەنیازە ئاستی نوێنەرایەتیی خۆی لە شاری هەولێر لە نووسینگەی باڵیۆزخانە بۆ كونسوڵخانە بەرز بكاتەوە و وێڕای ئاماژەدان بە توانا ئابوورییەكانی هەرێمی كوردستان ئامادەیی وڵاتەكەی خستەڕوو بۆ قووڵتركردنی پەیوەندییەكان و كار و پڕۆژەی هاوبەش.
لە بەرانبەردا بارزانی هیوای سەركەوتنی بۆ باڵیۆزی نوێی كۆریای باشوور خواست و ئاماژەی بە كار و چالاكییەكانی فرقەی زەیتونی كوریای باشوور دا و وەك پردێكی بەهێزی پەیوەندیی نێوان كوردستان و كۆریای لەقەڵەم دا. سەرۆك بارزانی هەروەها ئەوەیشی بۆ شاندی میوان خستەڕوو كە گەلی كوردستان ڕێزێكی تایبەتی بۆ گەلی كوریای باشوور هەیە و خۆشحاڵیی خۆیشی دەربڕی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا.
هەر لەم دیدارەدا بیروڕا لەبارەی هەڕەشەی تیرۆریستان لەسەر ئاستی جیهانی و ئۆپڕاسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ و قۆناغی دوای داعش ئاڵوگۆڕ كرا.
باسنیوز
