حەمید دەربەندی: لەسەر فەرمانی بارزانی، هەموو ئامادەکارییەک کراوە بۆ هاوکاریکردنی قوربانییانی تەقینەوەکەی (حەسەکە)
لەبارەی تەقینەوەکەی شەوی ڕابردووی داعش لەنێو هۆڵێکی ئاهەنگگێڕان لە شاری حەسەکەی کوردستانی ڕۆژئاوا، حەمید دەربەندی، نوێنەری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری ڕۆژئاوا، ڕاگەیاند: “لەسەر فەرمانی بارزانی، هەموو ئامادەکارییەک کراوە بۆ هاوکاریکردنی قوربانییانی تەقینەوەکەی (حەسەکە) و دوێنێ شەو چوار لە بریندارەکان گەیەنراونەتە نەخۆشخانەکانی دهۆک، ئێستا لە ژێر چاودێریی پزیشکین و ئامادەکاریی تەواویان بۆ کراوە”.
ئەوەشی ڕوون کردەوە کە هەر بە فەرمانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەشێک لە دەرمان و پێداویستیی خێرا گەیەنراوەتە کوردستانی ڕۆژئاوا. گوتیشی: “بڕێکی زۆرباش دەرمانی پێویست بە ڕێگاوەیە بۆ ڕۆژئاوا و ئەمرۆش بارزانی جەختی کردەوە کە ئەگەر پێویست بێت، تیمێکی پزیشکی بەسەرجەم پێداویستییەکانەوە ڕەوانەی کوردستانی ڕۆژئاوا دەکرێت، بۆ سووککردنی ئەو بارودۆخەی بەهۆی تەقینەوەکەی حەسەکەوە هاتووەتە پێشەوە”.
حەمید دەربەندی جەختی لەوە کردەوە کە : "تەقینەوەکەی حەسەکە، بارزانی زۆر نیگەران کردووە، بەتایبەت شەهیدبوونی ئەو بووک و زاوایە، زۆر بارزانی بێ تاقەت کردووە، جگە لەوەی خەڵکێکی زۆر بەهۆی تەقینەوەکەوە شەهید بوون".
باسنيوز
