خاوەن پشکەکانی چاڤی لاند: شاسوار عەبدولواحید دەستی بەسەر پارەکەماندا گرتووە و ئەمڕۆش پرۆسەی دادگاییکردنەکەی بەڕێوە دەچێت”
نەژاد ڕەشید، یەکێک لە خاوەن پشکەکانی پڕۆژەی گەشتیاریی (چاڤی لاند)، لە لێدوانێکدا ڕای گەیاند:" ئێمەی خاوەن پشکەکانی پڕۆژەی گەشتیاریی چاڤی لاند کە ژمارەمان زیاتر لە 9 ھەزار خاوەن پشکە، ماوەی چەند ساڵێکە پشکمان لەو پڕۆژەیە کڕیوە، بەڵام تائێستا قازانجێکی ئەوتۆمان لەو پڕۆژەیە نەبینیوە، لەکاتێکدا ساڵانە ئەو پڕۆژەیە قازانجێکی زۆر دەکات، بۆیە ئێمەی خاوەن پشکەکان ڕێچکەیەکی یاساییمان گرتووەتە بەر بۆ دادگایی کردنی خاوەنی گرووپی کۆمپانیاکانی نالیا”. ئەوەشی ڕوون کردەوە کە پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، یەکەمین دانیشتنی دۆسیەی دادگاییکردنی شاسوار عەبدولواحید بەڕێوە دەچێت.
ئەو خاوەن پشکە ئەوەشی ئاشکرا کرد کە شوار عەبدولواحید، ئامادەی دانیشتنی دادگا نەبووە و پارێزەرەکەی ناردووە. دەشڵێت: “بەپێی یاسا، دەبووایە ئەو خۆی ئامادەی دانیشتنەکە بووایە، بەڵام ئەو جۆرە کەسانە ھەر ئەوەندەی دەستیان لە ھەمانەکە گیربوو، وەکوو مەڕ خۆیان نیشانی خەڵکی دەدەن، دواتر بە بەرگێکی دیکەوە خۆیان دەردەخەن”.
نەژاد ڕەشید لە لێدوانەکەیدا ەختی لەوە کردەوە:" بەھیچ شێوەیەک لەمافی خۆمان خۆش نابین، دەبێ گرووپی کۆمپانیاکانی نالیا دادگایی بکرێت، چونکە غەدرێکی زۆرمان لێکراوە”. ڕونیشی کردەوە: " شاسوار عەبدولواحید دەستی بەسەر پارەکەماندا گرتووە و قبوڵی ناکەین پارەی 9 ھەزار خاوەن پشک بخورێت”.
بۆ وەرگرتنی بۆچوونی شاسوار عەبدولواحید و پڕۆژەی گەشتیاریی چاڤی لاند ھەوڵیدا لەگەڵ بەڕێوەبەری ئیدارەی پڕۆژەی گەشتیاریی چاڤی لاند قسە بکات، بەڵام پەیوەندییەکان بەردەست نەبوون.
باسنیوز
