باڵی ھێرۆ ئیبراھیم و گۆڕان دەیانەوێ بە کردار سلێمانی لە ھەولێر جیا بکەنەوە
سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاشکرای کرد، ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد لەدوای سەردانەکەی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ نەوشیروان مستەفا، رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، کە ئێستا بۆ چارەسەریی پزیشکی (بە گوتەی وتەبێژی فەرمیی ئەو بزووتنەوەیە) لەدەرەوەی وڵاتە، پێشنیازی ئەوەی کردووە کە گۆڕان و یەکێتی زنجیرەیەک کۆبوونەوە ئەنجام بدەن و تاوتوێی ئەوە بکەن کە زۆنی سەوز بە شێوەیەکی لامەرکەزی لەنێوان ھەردووکیاندا بەڕێوە ببەن، بە جۆرێک بە کردار ئەو ناوچەیە لە ھەولێر جیا بکەنەوە.
بەپێی ئەو سەرچاوەیە، ئێستا ھەریەکە لە باڵی ھێرۆ ئیبراھیم و بزووتنەوەی گۆڕان، سەرقاڵی ئامادەکردنی کارنامەیەکن بۆ بابەتی بە لامەرکەزیکردنی زۆنی سەوز.
سەرچاوەکە ئەوەشی خستە ڕوو، لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا تاوتوێی ئەوەش کراوە، وەکو دەربازبوونێک لەو فشارە جەماوەرییەی کە کەوتووەتە سەر باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتی لە ناوچەی سلێمانی و گەرمیان و ڕاپەڕین، ھەوڵی ئەوە بدرێت شەقام بە ئاراستەیەک ببرێت کە دەرەنجام مەسەلەی لامەرکەزییەت بکاتە ئەمری واقیع.
ھەر بەپێی سەرچاوەکە، باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتی لەگەڵ گۆڕان لەسەر ئەوە ڕێک کەوتوون کە سەرکردایەتیی خۆپیشاندانێکی گەورە بکەن و وەکو مانۆڕێکی سیاسی ئەو خۆپیشاندانە بەکار بھێنن بۆ گەیشتن بە لامەرکەزییەت لە زۆنی سەوزدا.
رێبوار ئەحمەد، ئەندامی گۆڕان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رای گەیاند، لە ھەرێمی کوردستاندا داھات و خەرجییەکان ناشەفافن و ئەوەش وای کردووە ئەوان بیر لە بژارەی دووەم بکەنەوە.
راشی گەیاند: "ئەگەر حکوومەتی ھەرێم بە رێکوپێکی پارەی بناردایە بۆ ھەموو پارێزگاکان، ئەوا ئێمەش بیرمان لەو بژارەیە نەدەکردەوە کە لامەرکەزییەتی سلێمانییە روو لە ناوەند".
ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "لە رووی دەستوورییەوە سەر بە حکوومەتی عێراقین و یاساشمان ھەیە یاسای ژمارە ٩ کە لە ماددەی ٥دا دەڵێت: ئەنجومەنی پارێزگاکان ئەنجومەنی چاودێرین و دەتوانن لە شوێنی پارێزگاکەی خۆیان بڕیار و رێنمایی دەربکەن، بۆ رێکخستنی سنووری پارێزگاکە لە رووی کارگێڕی و دارایی، ئەوە بڕیاری پەرلەمانی کوردستانە".
جەختیشی کردەوە: ”حکوومەتی ھەرێم ئامادە نییە ئەو ماددە یاساییە جێبەجێ بکات، بۆیە ئەوەی ئێمە بیرمان لێ کردووەتەوە خۆدانە پاڵ حکوومەتی ناوەند بژارەیەکی ناچارییە و بۆ خەڵکی سلێمانییە".
راشی گەیاند، لەبەرئەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەنگۆی ئەوەی بیستبوو کە ھەوڵێک ھەیە بۆ لامەرکەزییەتی سلێمانی رووە و بەغدا، چوو لەگەڵ بەغدا رێک کەوت.
ھۆشیار سلێمان، ئەندامی یەکێتی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رای گەیاند، ئەوان ھەرگیز لەگەڵ ئەوەدا نین نە لە رووی دارایی و نە لە رووی ئیدارییەوە سلێمانی لە ھەرێمی کوردستان جیابێتەوە و روو لە بەغدا بکات، تەنانەت کار بۆ ئەوە دەکەن کەرکووکیش بگەڕێتەوە سەر ھەرێمی کوردستان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لەگەڵ لامەرکەزییەتی سلێمانیدان لە چوارچێوەی ھەرێمی کوردستان، چونکە پێیان وایە چارەسەری بەشێک لە قەیرانەکانی دارایی سلێمانی دەکات، تەنیا مووچەی فەرمانبەران نەبێ.
ئەو ئەندامەی یەکێتی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی پێشی وابوو، رێککەوتنەکانی حکوومەت لەگەڵ عێراق رووە و بەغدا بووە، نەک ئەو ھەوڵانەی کە ئەوان بۆ لامەرکەزییەتی سلێمانی دەیدەن.
بەڵام عەلی عەونی، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، سلێمانی ئێستا لامەرکەزییەتی پیادە کردووە و داھاتی ئەو زۆنەی بە گومرگ و دەروازەکان و ھاتوچۆ و رسووماتەکان ماوەی دوو ساڵ و نیوە رادەست بە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نەکردووە، گوتیشی: "ئەوەی کە گۆڕان و ئەو باڵەی یەکێتی دەیکەن بە خەڵکی سلێمانی بۆ چاوبەستنی خەڵکەکەیە، تا بەوە نەزانن و داوای ئەو پارەیەیان لێ بکەن".
باسنیوز
