عارف تەیفوور: لەم مانگەدا شەڕی موسڵ دەستپێدەكات
عارف تەیفوور، بەرپرسی میحوەری خازر، کە بارەگاکەی نزیکترین بارەگای فەرماندەیەکی باڵایە لە موسڵەوە، کاتی دەستپێکی شەڕی موسڵی بۆ رووداو ئاشكراكرد و گوتی "دەستپێكردنی شەڕی موسڵ نزیكە، لە مانگی 10 (تشرینی یەكەم) دەكرێت، من كاتەكەی بەتەواوی نازانم، بەڵام هەندێك دەڵێن 15ی مانگ و هەندێش باس لە 20ی مانگ دەكەن".
هێشتا شەڕەکە دەستیپێنەکردووە، خەریکە کێشەیەکی گەورە لەنێوان ئەنقەرە و بەغدا دروستدەبێت. سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، بەشداری شەڕەکە دەکەن و هیچ هێزێكیش ناتوانێ رێگری لە سوپای وڵاتەكەی بکات، بەڵام ئەوە بەتووندی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە رەتکرایەوە.
پارێزگاری نەینەوا بۆ رووداو دەڵێت، دەکرێت خاوەن بڕیاری هەردوولا ئەو کێشەیە بە گفتوگۆ چارەسەر بکەن.
ئەگەرچی هێزەکەی تورکیا، کە لە نزیک موسڵ جێگیرن، بەناو خاکی باشووری کوردستاندا چوونە باشیك، بەڵام عارف تەیفوور، بەرپرسی میحوەری خازر دەڵێت، ئەو کێشەی نێوان بەغدا و ئەنقەرەیە و کورد خۆی تێکەڵ بە کێشەکە ناکات.
عارف تەیفوور گوتیشی "توركیا بە ئاگاداری ئێمە نەهاتووە، بۆ بەشدار شەڕەكە هاتووە، بۆیە دەبێت حكومەتی عێراق مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسە بكات".
لایەنە بەشدارەکانی شەڕی موسڵ چەندە چاویان لەسەر شەڕەکەیە، زیاتر لەوە چاویان لە ئایندەی دووەم گەورەترین پارێزگای عێراقە، هەر لە ئێستاوە هەموان شەڕی قایمکردنی پێگە و دەسەڵاتی خۆیان لەو شارە دەکەن.
رووداو
