لە تەقینەوەی نێو ئاهەنگەكەی حەسەكە 25 شەهید و دەیان بریندار هەن
بەپێی زانیارییەكان، كاژێر 21:00ی شەوی دووشەممە 3-10-2016 خۆكوژێك لەنێو ئاهەنگێكی هاوسەرگیری لە رێگای حەسەكە- قامشلۆ خۆی تەقاندووەتەوە.
ژیندار عەبدولقادر، رۆژنامەڤان لە حەسەكە راگەیاند، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان لە تەقینەوەكەدا 25 شەهید و ژمارەیەكی زۆر بریندار هەن.
ژیندار عەبدولقادر گوتیشی "خۆکوژەکە هۆڵی سەنابلی لە باکووری شاری حەسەکە کردووەتە ئامانج، کە ئاهەنگێکی هاوژینی تێدا بەڕێوەدەچوو و بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکانیش لە تەقینەوەکەدا زیاتر لە 25 کەس شەهیدبوون و زیاتر لە 10 کەسی دیکەش برینداربوون .
لەبارەی چۆنێتی رووداوەکەش، ژیندار عەبدولقادر گوتی، خۆکوژەکە لە دەرەوەی هۆڵەکە خۆی تەقاندووەتەوە کە ئاهەنگەکەی تێدا بەڕێوەچووە و کردەوەکەش خۆکوژیی بووە، هەروەها ئەوانەی لە تەقینەوەکەدا شەهید و برینداربوون، خەڵکی سڤیل بوون.
رووداو
