فەرماندەیەکی پێشمەرگە: چەکدارە بیانیەکانی داعش لە موسڵ خۆیان و خێزانەکانیان بەرەو سوریا رادەکەن

فەرماندەیەکی پێشمەرگە: چەکدارە بیانیەکانی داعش لە موسڵ خۆیان و خێزانەکانیان بەرەو سوریا رادەکەن


فەرماندەیەکی ھێزی پێشمەرگە دەڵێت، داعش ورەی رووخاوە و دەستیان کردووە بە راکردن بەتایبەت بیانیەکان، چونکە خۆیان و خێزانەکانیان بەرەو سوریا رادەکەن و دواتریش بۆ ئەوروپا دەگەڕێنەوە.



فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە "بەھرام عەریف یاسین" بە ئاژانسی ھەواڵی زاگرۆسی راگەیاند: "داعش دۆخی زۆر خراپ بووە لەبەر ئەوەی بەشی ھەرە زۆری خاکی سوریا و عێراقی لەدەستداوە و چەند رۆژێکە ھێزیان لە دەوروبەری موسڵ کۆکردۆتەوە و دەزانن کە دەرکردنیان نزیک بووە و ئامادەکاری دەکرێت بۆ رزگارکردنی موسڵ.



بەھرام یاسین گوتی: چەکدارانی داعش دەستیانکردووە بە راکردن بەتایبەت ئەوانەی بیانین و خێزانەکانیان لەگەڵ دایە بەرەو سوریا رادەکەن و لەوێش بەرەو ئەورپا خێزانەکانیان رەوانە دەکەن.



راشیگەیاند: جگە لەوەش داعش لەڕووی ئابووری زۆر خراپ بووە و خەڵکی موسڵیش لە ژیانێکی سەخت ژیان بەڕێدەکەن چونکە ھیچ نیە پێی بژین.



ئەو فەرماندەیە روونیشی کردەوە، بەھۆی رووخانی ورەی داعش لە موسڵ رەنگە گەر پرۆسەی رزگارکردن دەست پێبکات ماوەیەکی کەم بتواندرێت رزگاربکرێت و زۆر نەخایەنێت.



باسی لەوەشکرد: داعش ھێزەکانی بردۆتە ئەو شوێنانەی کە خەڵکی لێیە بۆ ئەوەی لەکاتی ھێرشکردن زیان بەر خەڵکی سڤیل بکەوێت و وەکو درعێک بەرکاریان بھێنێت، بۆیە رەنگە ئەمە تۆزێک زەحمەت بێت بۆ ئەوەی خەڵک و داعش لەیەک جیاکەینەوە.
Payamner-
Top