حزبی دیموکرات: لە چالاکیی چەکداری لەدژی ئێران بەردەوامین
تاهیر مەحموودی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی حدکا لە شاری سلێمانی و ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی ئەو حزبە لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: "حیزبی دیموکرات چالاکییە سەربازییەکانی خۆی لە ئێران ڕانەگرتووە و ئەو ھەواڵانەش کە باس لە ڕاگرتی چالاکیی سەربازی حیزبی دیموکرات دەکات، سەرلەبەری دوورن لەڕاستیەوە و حزب بەردەوامە لە خەبات و تێکۆشان."
گوتیشی:" ھیچ کات دیموکرات چالاکەکانی خۆی بەرامبەر داگیرکەرانی کوردستان ڕاناگرێت، چونکە حیزبی دیموکرات ئەو خەباتەی سەرچاوە گرتووە لەنێو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی ڕۆژھەڵات و لەناو قووڵایی خاکی کوردستان دایە و بێگومان بڕیاری کۆتایی بۆ خۆمان دەبێت."
ڕوونیشی کردەوە: "لە شەڕەکانی ڕابردودا حزبی دیموکرات دەستپێشخەری نەکردووە، بەڵکوو سوپای پاسداران ھێرشی کردووە و کەمینی داناوە، ھەروەھا ئەوە ئێرانە خاکی کوردستانی ڕۆژهەڵاتی داگیر کردوە، بێگومان ئێمەش مافی خۆمانە بە کار و چالاکیی سەربازی پارێزگاری لە وڵاتی خۆمان بکەین."
بەرپرسی پەیوەندییەکانی حدکا ئاماژەی بەوەش کرد: "لە شەڕەکانی ئەم دواییەدا 12 پێشمەرگەی حیزبی دیموکرات شەھید بوون کە ئەندامێکی سەرکردایەتی تێدایە، ھەروەھا ژمارەیەکی زۆر پاسداری ئێرانیش کوژراون."
ماوەی چەند مانگێکە پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتی ئێران لەگەڵ سوپای پاسدارنی ئێران لە شەڕ دان، بەپێی لێدوانی بەرپرسانی حزبی دیموکرات لەو شەڕانەدا ژمارەیەکی زۆر سوپای پاسداری ئێران کوژراون و لە ماوەی یەکساڵی ڕابردوودا حکوومەتی ئیران بەم هۆیەوە هێزێکی زۆری سەربازیی بە چەکۆچۆڵەوە لە ناوچە جیاجیاکانی ڕۆژهەڵات جێگیر کردووە و بنکە کۆنەکانی لەسەر سنوورەکان نۆژەن کردووەتەوە.
باسنیوز
