بەرپرسی لقی شنگالی پارتی: دوو فەرمانبەرەکە تیرۆر کراون

 بەرپرسی لقی شنگالی پارتی: دوو فەرمانبەرەکە تیرۆر کراون
ئەنجومەنی ڕۆحانیی ئێزدی و کەسایەتییەکانی شنگال داوا لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەکەن، شنگال چۆڵ بکات و بۆ شوێنەکانی خۆیان بگەڕێنەوە.

وەحید باکۆزی، بەرپرسی لقی شنگالی پارتی دیموکراتیی کوردستان، ڕایگەیاند: “ئەمرۆ دووشەممە 3\10\2016، کۆبوونەوە لە نێوان ئەنجومەنی ڕۆحانیی ئێزدییەکان و کەسایەتییە ئێزدییەکان کراوە، کە کۆبونەوەکە لەسەر داواکاریی لقی 17ی پارتی بووە، لەسەر بابەتی کوشتنی دوو فەرمانبەری بێ تاوان، کە خزمەتی خەڵکی شنگالیان دەکرد”.

جەختیشی لەوە کردەوە: “کوشتنی ئەو دوو کارمەندە تیرۆر بوو، دوور بوو لە هەموو پێوەرێکی ڕەوشتی، لەسەر ئەو بابەتە شاندێکی لقی پارتی و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا و ڕاوێژکارانی پێکهاتەی ئێزدی، چووینە لای بابە شێخ، داوامان کرد کە هەڵوێستی خۆی دیاری بکات لەسەر ئەو کردەوەی ئەنجام دراوە”. گوتیشی: “ئەمرۆ وەک درێژەپێدان لەگەڵ باباشێخ، ئەنجومەنی ڕۆحانیی ئێزدی، کۆبوونەوە و چەند داواکارییەکیان ئاراستەی پەکەکە کردووە، یەکێک لەوانە چۆڵکردنی شنگال بووە، چونکە ڕەفتاری پەکەکە لە کوشتن و ڕفاندنی کچ و گەنجان و منداڵان زیادی کردووە و پەکەکە خەریکی دروستکردنی فیتنەیە لەناوچەکە".

ئەو بەرپرسەی پارتی جەختی لەوە کردەوە کە ئەمرۆ هەڵوێستی جڤاتی ڕۆحانیی ئێزدییان ئەوە بووە، پەکەکە ناوچەکە جێبهێڵێت. دەشڵێت: “ئەگەر ئەوان بەرگریکردن لە خەڵک وەک پاساو دێننەوە، ئەوە پێشمەرگەش تا ئازادکردنی شنگال لەوێ بوو و دواتر لە کاتی خۆیدا کشایەوە و هیچ ڕەفتارێکیشیان نەکرد کە ببێتە جێگەی نیگەرانیی خەڵکی کۆبانێ، بەڵکو کاتێک کۆبانێیان چۆڵ کرد، خەڵکی گوڵبارانی کردن”.

وەحید باکۆزی ئەوەشی ڕوون کردەوە کە ئەو کارەی پەکەکە دەیکات، قەبوڵکراو نییە، چونکە “ناتوانرێت تاسەر ئەمەیان لێ قەبوڵ بکرێت، بە بەرچاوی ئێمە و خەڵکەوە، کچ و منداڵ دەڕفێنن، ئێمەش پشتگیری لە بۆچوونی ئەنجومەنی رۆحانی و کەسایەتییەکانی ئێزدی دەکەین کە دەبێت پەکەکە ئەو ناوچانە چۆڵ بکات".








باسنیوز
Top