کادیرێکی پێشکەوتووی یەکێتی: بەهۆی گۆڕانەوە سەرکردەکانی ناوەندی بڕیار تۆمەتیان بۆ هەڵبەستراوە
كادیرێکی پێشکەوتووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕەخنە لە بزووتنەوەی گۆڕان دەگرێت و پێی وایە گۆڕان، پشتی لەو یەکێتییانە کردووە کە نەیانهێشتووە بزووتنەوەکە پەراوێز بخرێت.
سلێمان عەبدوڵڵا یونس، کادیری پێشکەوتووی ناوەندی بڕیاری یەکێتی، لە نووسینێکیدا کە لە پێگەی فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاوی کردووەتەوە، ئاماژەی بەوە داوە: “پێداگری هەندێك لە یەكێتی، نەیهێشت گۆڕان پەراوێز بخرێت و لە هاوكێشەكانی پەرلەمان و حوكمڕانی بكرێتە دەرەوە، كەچی گۆڕان لەبری ئەوەی ڕێز لە پشتیوانیی ئەو بەشەی یەكێتی بگرێت، ڕووی لە پارتی و پیرمام كرد و پێكەنینی هاوبەشی بۆ نەمانی یەكێتی كرد و ئەو بەشە هاوسۆزەی خۆی لەناو یەكێتی تووشی ئیحراجییەكی گەورە كرد”.
ئەوەشی خستووەتە ڕوو، بەشێك لە سەرکردەکانی یەكێتی، ئەندازیاری نەخشە ڕێگای ڕێكکەوتنی دەباشان بوون، لەم پێناوەشدا، “ئەو بەشە خۆی تووشی دەیان تۆمەت و هەڵمەتی بە بەرنامەڕێكخراوی بەشە دژەكەی دیکە كردەوە، كەچی گۆڕان بەبێ هیچ پاساوێكی لۆژیكی، چانسی سەركردایەتیكردنی ڕێكەوتنەكەی بە ئاراستە دژەكە بەخشی!”.
ئەو کادیرە پێشکەوتووەی ناوەندی بڕیاری یەکێتی ئەوە ناشارێتەوە کە بەشێک لە یەکێتییەکان، سووربوون لەسەر ئاڵوگۆڕی پۆستەکانی پارێزگای سلێمانی، کەچی لە سەعاتی سفردا و لە بەرەبەیانی ڕێککەوتنەکەی دەباشاندا، گۆڕان “سەری ڕەزامەندی بۆ ڕێککەوتنێکی دیکەی ناڕەوا لەقاندووە”.
سلێمان عەبدوڵا یونس ئەوەشی نووسیوە: “دواجار لەساتی ئیمڕۆدا، بە بەرچاوی گۆڕانخوازە زیندووەكانیەوە، گۆڕان ناوەندی بڕیاری پەراوێز خست و ڕووی لە ئاراستەی (زۆرینەی ماڵباتخوازانی یەكێتی) كرد و بە قازانجی ماڵباتخوازان، كەوتە ناو ململانێی خاوەندارێتی و قەیرانی بەڕێوەبردنی یەكێتییەوە”. دەشپرسێت: “ئەرێ لەناو ئەو بزووتنەوەیەدا كەسێك نییە بپرسێت، گۆڕان بۆ وا دەكات؟ جیابوونەوەی گۆڕان بۆ ئەوە بوو؟!”.
باسنیوز
