ئەگەر نەوت دۆلارێكی بێتە سەر داهاتی مانگانەی كوردستان 15 ملیۆن دۆلار زیاد دەكات
جێگری سەرۆکی لیژنەی پیشەسازی وزە و سەرچاوە سرووشتییەکان لە پەلەرمانی کوردستان رایگەیاند گرانبوونی نەوت راستەوخۆ کاریگەری لەسەر بژێوی خەڵکی هەرێمی کوردستان و بودجە نابێت، بەڵکو بەپێی ئەو حیساباتەی بۆ نەوتی خاو دەکرێ، دوای چەند مانگێک کاریگەرییەکانی دەردەکەوێ.
دڵشاد شەعبان جێگری سەرۆکی لیژنەی پیشەسازی وزە و سەرچاوە سرووشتییەکان لە پەلەرمانی کوردستان بە(باسنیوز)ی راگەیاند "بەهۆی ئەوەی ئەو کۆمپانیایانەی سەرپەرشتی هەناردەکردنی نەوت دەکەن، 90 رۆژ جارێک حیسابات دەکەن و تێکڕای داهاتەکە دابەشی 90 دەکەن، گرانبوونی نەوت راستەوخۆ کاریگەری لەسەر بژێوی خەڵکی هەرێمی کوردستان و بودجە نابێ، بەڵکو بەپێی ئەو حیساباتکردنەی بۆ نەوتی خاو دەکرێت دوای چەند مانگێک دەردەکەوێ".
دڵشاد شەعبان گوتیشی ئەگەر بەرمیلێک نەوت یەک دۆلار گران بێت، داهاتی مانگانەی هەرێمی کوردستان 15 ملیۆن دۆلار زیاد دەکات. هەرچەندە نرخی نەوتی خاوی هەرێمی کوردستان نزیکەی 10 دۆلار لە نەوتی برێنت هەرزانترە، بەڵام بەرزبوونەوەی نرخی نەوت کاریگەری لەسەر نەوتی هەرێمی کوردستانیش دەبێت و بەهۆی ئەوەی هەرێمی کوردستان رۆژانە 500 هەزار بەرمیل رەوانەی بەندەری جیهان دەکات.
دڵشاد شەعبان ئەوەشی ڕاگەیاند كە گرانبوونی نەوت راستەوخۆ کاریگەری لەسەر بژێوی خەڵکی هەرێمی کوردستان و بودجە نابێت، بەڵکو بەپێی ئەو حیساباتکردنە، دوای چەند مانگێک دەردەکەوێت.
ئێستا نرخی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان بە نزیکەی 50 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت و نەوتی خاوی باشووری کوردستانیش بەرمیلی بە نزیکەی 40 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێ.
Bas News-
