تەیفوور: بە گرتنەوەی مووسڵ ئیدی داعش بەرەو نەمان دەچێ
عارف تەیفوور بەرپرسی میحوەری خازری هێزی پێشمەرگەی كوردستان ڕایگەیاند: "بە گرتنەوەی شاری موسڵ داعش لە پەلوپۆ دەكەوێت و بەرەو نەمان دەچێت, لە عێراقدا تەنها شانە نوستووەكانی دەمێنێت و ناتوانن بە ئاشكرا و بە سەربەستی چالاكی بكەن و هەموویان دەبێ ڕابكەنەوە بۆ سووریا. هەر مەگەر لە ناوچەكانی ڕومادی و دەوروبەریدا خۆیان مەڵاز بدەن."
بەرپرسی میحوەری خازری جەختیشی كردەوە: "هەرچەندە هێزی پێشەرگە لە ئامادەباشییەکیی تەواودایە بۆ هەموو ئەگەرێك، بەڵام ئێستا داعشان لە بەرانبەر هێزی پێشمەرگەدا توانای هێرشیان نەماوە و خۆ ڕاناگرن، تەنها بە ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو و چلچل (كاتیۆشا) و خۆكوژەوە ڕوبەرووی هێزی پێشمەرگە دەبنەوە."
(تەیفور) لەبارەی شەڕی موسڵەوە گوتی: "دوو ئەگەر هەیە بۆ شەڕی مووسڵ؛ یان شەڕێكی سەخت دەبێ و داعش تا دواهەمین کەسیان لە مووسڵ بەرگری دەکەن، یانیش وەکو شەرگات و ناوچەكانی تر بۆ خۆیان چۆڵی دەكەن و ڕادەكەنەوە بۆ سووریا و بەجێی دەهێڵن. ئەگەڕ شەڕی سەخت بێ، ئەوا هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق خۆیانیان بۆ ئەو شەڕە ئامادە کردووە."
مووسڵ دووەم شاری هەرە گەورەی عێراقە؛ لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2014 لە سەردەمی دەسەڵاتی (نووری مالیكی)ـدا دوای هەرەسهێنانی سوپای عێراق كەوتە ژێر دەسەڵاتی داعش.
KDP
